Mohammed Sameai
13 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2025
یەمەن ــ AA
حووسییەکان ڕایانگەیاند کە لە ئاکامی تەقینەوەی چوار وێستگەی غاز لە پارێزگای بەیزا ناوەڕاستی یەمەن، ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٤ی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگە سەربە حکوومەتی حووسییەکان لە یەمەن کە (لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدا نەنراوە) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە چوار وێستگەی غاز لە ناوچەی زاھیر سەربە پارێزگای بەیزا تەقیونەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی تەقینەوەکاندا، ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٤ی دیکەش برینداربوون.
ھاوکات گوتەبێژی حکوومەتی حووسییەکان، ھاشم شەرەفەددین لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕایگەیاندووە: "لێکۆڵینەوە لەبارەی ھۆکاری تەقینەوەکان، دەست پێ کراوە"، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.