Dmitri Chirciu
23 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2022
مۆسکۆ – AA
رێوڕەسمی دوا ماڵئاوایی لە داریا دوگینا کچی بیرمەندی رووسیایی نزیک لە کرملین، ئەلێکساندەر دوگین کە لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە ئۆتۆمبێلەکەیدا گیانی لەدەست دا لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە لە ناوەندی تەلەڤیزیۆنی "Ostankino" لە شاری مۆسکۆ بە ئامادەبوونی باوکی کچەکە، ئەلێکساندەر دوگین و کەسوکاری و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پارتە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران بەڕێوەچوو.
ئەلێکساندەر دوگین لە میانی رێوڕەسمەکەدا، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "کچەکەم رووسیای زۆر خۆش دەویست، بوێر بوو و خۆیشی وەک جەنگاوەرێک هەستی بەخۆی دەکرد. داریا لە پێناو گەلەکەمان و رووسیادا لە بەرەدا شەهید بوو. ئەو بەرەیە دوور نییە، لێرەیە و لە ناخی هەمووماندایە".
دواتر لە رێوڕەسمەکەدا خەڵاتی بوێری کە بە بڕیاری سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە شایستەی داریا زاندرا، درا بە کەسوکاری.
- رووداوەکە
داریا دوگینا ٢٠ی ئاب لە کاتێکدا لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە ئۆتۆمبێلەکەیدا لە نزیک ناوچەی ئۆدینستۆڤا لە مۆسکۆ گیانی لەدەست دا.
لیژنەی لێکۆڵینەوە رووسیا لەمبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاو کربووەوە کە تیایدا هاتبوو "بەپێی زانیارییە بەدەست گەیشتووەکان، پێشتر پیلان بۆ تاوانەکە داندراوە و بیر لەوە دەکرێتەوە لەسەر داواکاری تاوانەکە ئەنجام درابێت".
دواتر لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێ کرد و راگەیەندرا کە تەقەمەنی لە ئۆتۆمبێلەکەدا داندراوە و لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلەکە بە رێگادا رۆیشتووە تەقیووەتەوە. ئاماژە بەوەیش درا کە ئۆتۆمبێلەکە هی ئەلێکساندر دوگین'ە.
دامەزراوەی ئاسایشی فیدراڵیی رووسیایش رایگەیاند کە بۆیان دەرکەوتووە دەزگای تایبەتی ئۆکراینا لە پشت هێرشی کوشتنی داریا دوگیناوە بووە.
- داریا دوگینا کێیە؟
داریا دوگینا'ی تەمەن ٣٠ ساڵ کە لە ٢٠١٥ زانکۆی حوکمیی لۆمۆنۆسۆڤ مۆسکۆی تەواو کردووە، وەک رۆژنامەوان و چاودێری سیاسیی کاری دەکرد و لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە ناوی خراوەتە لیستی سزاکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا.
- ئەلێکساندر دوگین کێیە؟
ئەلێکساندر دوگین'ی باوکی داریا'یش شارەزای سیاسیی، کۆمەڵناس و فەیلەسووفێکی رووسیایە و سەرۆکایەتی بزووتنەوەی ئۆراسیای نێودەوڵەتی دەکات.
ئەلێکساندر کە پشتیوانی لە رەوتی نیوئۆراسیا دەکات لە ٢٠١٤ ناوی خرایە لیستی "١٠٠ بیرمەندی نێودەوڵەتی جیهانیی مۆدێرن" لەلایەن گۆڤاری Foreign Policyەوە.
ئەلێکساندر دوگین هەروەها لە ٢٠١٠ەوە ناوی خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا، کەنەدا و یەکێتیی ئەورووپاوە.