Tuğba Altun
23 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2023
ئەنقەرە-AA
لە دەستپێکی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار دیل ئاڵوگۆڕ کراون.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئامارەکانی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا کۆکردەوە.
دوای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە ٢٤ی شوباتدا، ژمارەیەکی زۆر سەرباز و مەدەنی لە هەردوولا بە دیل گیران. لەو چوارچێوەیەدا ناوبەناو ئاڵوگۆڕیی دیل لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا ئەنجام درا.
لە سەرەتای جەنگی رووسیا-ئۆکراینا تا ئێستا بە نێوەندگیریی وڵاتان و بەتایبەت تورکیا، زیاتر لە دوو هەزار دیل ئاڵوگۆڕ کراون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاوی کردووەتەوە، تا ئێستا لانیکەم ٨٠٠ سەربازی رووسیا کە لەلایەن کیێڤ بە دیل گیرابوون لە ئەنجامی هەوڵەکانی ئاڵوگۆڕدا، ئازادکراون.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی لە چواری شوبات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاوی کردەوە، ماوەی چەند مانگێکە ئاڵوگۆڕی دیلەکان بەردەوامە و لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ەوە هەزار و ٧٦٢ ئۆکراینی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
یەکەم ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٢ ئەنجامدرا کە تیادا سەرۆکی شارەوانیی مەلیتۆپۆل، ئیڤان فیدۆرۆڤ و نۆ سەربازی رووسیایی کە لە میانی جەنگدا بە دیل گیرابوون، ئاڵوگۆڕ کران.
لە نۆی نیسانی ٢٠٢٢شدا، ئۆکراینا بڵاوی کردەوە، ٢٦ ئۆکراینی لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکاندا ئازاد کراون کە ١٢یان سەرباز و ١٤یان مەدەنی بوون.
هەروەها لە ٢١ی نیساندا، ئاڵوگۆڕی دیل لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا ئەنجامدرا و لەو چوارچێوەیەشدا راگەیەندرا کە بە گشتی ١٩ ئۆکراینی ئازاد کراون کە ١٠یان سەرباز و نۆیان هاووڵاتیی مەدەنی بوون.
- ٢١٥ دیل ئاڵوگۆر کران
لە ئەنجامی هەوڵی دیپلۆماسیی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی رایگەیاند کە لە ٢٢ی ئەیلوولدا، لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا ئاڵوگۆڕی ٢١٥ دیل ئەنجامدراوە کە لە میانی جەنگدا گیرابوون.
پێنج فەرماندەی کەتیبەی ئازۆڤی ئۆکراینا کە لەنێو ئەو ٢١٥ دیلەدا بوون، تا کۆتایی جەنگەکە لەژێر چاودێری سەرکۆمار ئەردۆغان لە تورکیا دەمێننەوە.
- ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە مانگەکانی کۆتایی ساڵیشدا بەردەوام بووە
وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بڵاوی کردەوە کە لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕی دیلەکان کە لەگەڵ رووسیا ئەنجام درا، ٣٢ سەرباز گەڕێنراونەتەوە ئۆکراینا. لەو چوارچێوەیەدا رووسیا تەرمی ٦٢ کەسی رادەستی ئۆکراینا کردووەوە کە لە جەنگەکەدا کوژرابوون.
هەروەها لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا، ١٠٨ ژنی ئۆکراینی ئازاد کران کە زۆربەیان سەرباز بوون.
ئۆکراینا ١١٠ هاووڵاتی رووسی ئازاد کرد کە ٧٢ کەسیان دەریاوان بوون، دواتر ٥٢ ئۆکراینی و ٥٠ هاووڵاتی رووسی دیکە کە بە دیل گیرابوون، رەوانەی وڵاتەکەیان کرانەوە. رۆژی سێی ئەم مانگەش ١٠٧ سەربازی رووسیا و ١٠٧ سەربازی ئۆکراینا ئازاد کران.
هەروەها لە ٢٣ی ئەم مانگە لە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا، ٣٥ سەربازی رووسیا ئازاد کران.
٣٦ ئۆکراینی کە یەکێکیان مەدەنی بوو، رەوانەی وڵاتەکەیان کرانەوە و رۆژی دواتر ٥٠ سەربازی دیکەی ئۆکراینا و ٥٠ سەربازی رووسیا ئازاد کران.
هەردوو وڵات لە هەفتەی یەکەمی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا، ١١٠ کەسیان ئازاد کرد و لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢یشدا، ٦٤ سەربازی ئۆکراینا گەڕانەوە وڵاتەکەیان.
هەروەها لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕکردنەکاندا، ١٤٠ هاووڵاتیی ئۆکراینی و ٨٢ سەربازی رووسیا ئازاد کران.
- رووسیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، هەزار و ٥٩٦ ئۆکراینی ئازاد کردووە
بەپێی ئەو ئامارانەی ئۆکراینا بڵاوی کردووەتەوە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، رووسیا هەزار و ٥٩٦ ئۆکراینی ئازاد کردووە کە هەزار و ٤٦٤یان سەرباز و ١٣٢یان مەدەنی بوون.
- ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە ساڵی ٢٠٢٣شدا بەردەوامە
لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا لە هەشتی کانوونی دووەمدا، ٥٠ سەربازی ئۆکراینی و ٥٠ سەربازی رووسی ئازاد کران.
لە چواری شوباتدا راگەیەندرا کە ١١٦ سەربازی ئۆکراینا و ٦٣ سەربازی رووسیا لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئازاد کراون و لە ١٦ی شوباتیشدا راگەیەندرا کە رووسیا ١٠١ سەربازی ئۆکراینای ئازاد کردووە.