Islam Doğru
23 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2023
نیویۆرک - AA
ئەو پەلاماردەرەی لە شاری لۆس ئهنجلس باشووری رۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئاهەنگێکی سەری ساڵی مانگییدا کە هەزاران کەس بەشدارییان تێدا کردبوو، ١٠ کەسی کوشت، بە مردوویی دۆزرایەوە.
بەرپرسی پۆلیسی لۆس ئهنجلس، رۆبەرت لونا رایگەیاند، گومانلێکراوەکە کە ناوی هوو کان تران-ە، کاتێک پۆلیس گەمارۆی ئۆتۆمبێلەکەیان داوە بە چەکەکەی خۆی بریندار کردووە و هەر بەم هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
لونا ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ئۆتۆمبێلە رەنگ سپییەی کە تران (٧٢ ساڵ) دوای پەلامارەکە بەهۆیەوە هەڵاتبوو، لەلایەن پۆلیسەوە لە ناوچەی تۆرانس باشووری لۆس ئهنجلس دۆزراوەتەوە و گەمارۆدراوە.
ئاماژە بەوەش کرا کە پێدەچێت تران لە هەمان شەودا لە ستۆدیۆیەکی سەماکردن لە ناوچەی ئەلهامبرا هەوڵی پەلاماری چەکداری دیکەشی دابێت.
رۆژی ٢١ی کانوونی دووەم کاتژمێر ٢٢:٢٠ی شەو بە کاتی ناوخۆ لە کاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی سەری ساڵی مانگیی، پەلامارێکی چەکداری بۆسەر پارکی مۆنتەری کە نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی لۆس ئهنجلس دوورە ئەنجام درا و لە ئاکامدا، ١٠ کەس کوژران و ١٠ی دیکەش برینداربوون.
لە هەمان شەودا هەوڵێک هەبوو بۆ ئەنجامدانی پەلاماری چەکداری لە ستۆدیۆیەکی سەماکردن لە ناوچەی ئەلهامبرا، دواتر راگەیەندرا کە پەلاماردەرەکە لەلایەن کەسانی دەوروبەریەوە لە چالاکی خراوە، بەڵام توانیویەتی لە شوێنی رووداوەکە هەڵبێت.