Haydar Şahin
02 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2022
تاران - AA
لە ویلایەتی هورموزگان باشووری ئێران، لە پاش روودانی بوومەلەرزەيەك بە گوڕى ٦،١ پلە، دوو بوومەلەرزەی دیکە بە گوڕەکانی ٦،١ و ٦،٣ روویاندا.
ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، گوڕی بوومەلەرزەکە کە ٦،١ پلە بووە، كاتژمێر ٠٢:٠٢ بە كاتى ناوخۆی ئێران روویداوە و ناوەندەکەی شارەکانی بەندەر حەمیر و بەندەر لەنگە سەربە پارێزگای هورموزگان بووە.
بەگوێرەی ئامارە بەراییەکان، لەو رووداوە سرووشتییەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٩ کەسی دیکەش برینداربوون.
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی مانگی سووری هورموزگان، ئەندازیار موختار سیلاحشۆر، باسی لەوە کردووە کە ناوەندی بوومەلەرزەکە گوندی سایەهوشە کە زیاتر لە ٣٠٠ خانووی تێدایە و، زۆرترین زیان بەر ئەو ناوچەیە کەوتووە.
هەروەها باس لەوە کرا کە جگە لە سایهوش ناوچەکانی کۆنح، دیژگان و چا ئەحمەد زیانی بەرچاویان بەرکەوتووە.
ئەوەیش خرایەڕوو کە بوومەلەرزەکە لە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر روویداوە.
لە دوای بوومەلەرزەی یەکەم، ١٥ پاش لەرزە روویانداوە کە دووانیان ماوەی نێوانیان یەک خولەک بووە و گوڕەکانیان ٦،١ و ٦،٣ پلە بووە.
بوومەلەرزەکە لە ناوەندی پارێزگای هورموزگان، بەندەر عەباس هەستی پێ کراوە و دانیشتوانەکەی رژاونەتە سەر شەقامەکان.
ئاژانسی هەواڵی فارس باسی لەوەیش کردووە کە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیچ سەربە سوپای ئێران رەوانەی ناوچە کارەساتبارەکە کراون.