Kasım İleri,Rewa Mahmood Hasan
17 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2019
واشنتۆن-AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رایگەیاند کە هیچ گومانێک نییە لەبارەی ئەوەی ئێران لە پشت هێرشی سەر کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی کەنداوی عومانەوەیە، بەڵام ئەمریکا خوازیاری جەنگ نییە لەگەڵ ئێران.
دوێنێ مایک پۆمپیۆ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز باسی لە هێرشی سەر کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی کەنداوی عومان کرد و گوتی: ''گومانی تێدا نییە کە ئێران لەپشت ئەمەوەیە بەڵام سەرۆک (دۆناڵد) ترەمپ ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات بۆ ئەوەی خۆی لە جەنگ بەدوور بگرێت. ئێمە جەنگمان ناوێت، بەڵام رێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر بۆ بەرجەستەکردنی هاتوچۆکردنی ئازاد لە ناوچەی پەڕینەوەکاندا. بۆ ئەمەش ئەمریکا هەنگاوی دیپلۆماتی و هەنگاوی تر دەنێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ئێران لە پشت هێرشەکانەوە نەبووە گوتی: ''دەزگا هەواڵگرییەکانمان زۆر بەڵگە و زانیاریان لایە. هەموو دنیا ئەمانە دەبینن".