Yasin Yorgancı,Mücahit Oktay
12 کانوونی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2026
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد ئێران خەریکە "ھێڵە سوورەکان دەبەزێنێت" و ئیدارەکەی بە وردی چاودێری خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتە دەکات.
لە کاتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ لە ناو فڕۆکەیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی سەبارەت بە پەرەسەندنە نێودەوڵەتییەکان دایەوە.
ترەمپ باسی لەوە کرد کە بژاردەی سەربازیی زۆر بەھێزیان لەبەردەستە و ئەگەرچی ئێران داوای دانوستانی ئەتۆمی کردووە، بەڵام ڕەنگە بەھۆی ڕووداوەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە واشنتۆن پێش ھەموو جۆرە گفتوگۆیەک ھەنگاوی جددی بنێت.
ھەروەھا ترەمپ باسی لەوە کرد لە ڕێگەی ئیلۆن مەسک و پرۆژەی ستارلینکەوە ھەوڵ دەدەن ئینتەرنێت بۆ گەلی ئێران دابین بکەنەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ جیھان پچڕاوە.
سەبارەت بە دۆسیەی کوبا، سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ ڕایگەیاند بەم زووانە وردەکاریی ڕێککەوتنێکی نوێ بڵاو دەکرێتەوە و یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی داکۆکی کردنە لەو کەسانەی بە "ناڕەوا" لە کوبا دەرکراون و ئێستا لە ئەمریکا دەژین.
ترەمپ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرکردەکانی ئێران بە توندوتیژی حوکم دەکەن و ئەمانە وەک سەرکردە نابینێت، بۆیە ئەرکی وڵاتەکەیەتی لە بەرامبەر ئەم جۆرە پەرەسەندنانەدا بێدەنگ نەبێت و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات.
سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، تیشکی خستە سەر ئەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ڤێنيزوێلا لە پاش دەستبەسەرکردنی مادورۆ زۆر باش بەڕێوەدەچن و، ڕێککەوتوون لەسەر کڕینی ٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوت، کە ئێستا بڕی ٤،٢ ملیار دۆلار نەوتی ئەو وڵاتە بەرەو ئەمریکا بەڕێوەیە.
ترەمپ دڵنیایی دایە کۆمپانیا نەوتییەکان کە لەمەودوا لە ڤێنيزوێلا پارێزراو دەبن، بەڵام ھەڕەشەی ئەوەی کرد کە کۆمپانیای ئێکسۆن لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە دوور دەخاتەوە بەھۆی ئەوەی ھەڵوێستەکانی بە دڵ نەبووە.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە بۆ ڕێگریی کردن لە ھەژموونی ڕووسیا و چین، پێویستە ئەمریکا ببێتە خاوەنی "گرینلاند" و تەنیا بوونی سەربازی بەس نییە. جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە نیگەران نییە لە کاردانەوەی وڵاتانی ناتۆ، چونکە ئەوان زیاتر پێویستییان بە ئەمریکایە نەک بە پێچەوانەوە.
سەبارەت بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جۆ بایدنی بە بەرپرسیاری ھەڵگیرسانی جەنگەکە دانا و ڕایگەیاند ئامانجی لە وەستاندنی جەنگەکە تەنیا ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکانە.
سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، بەرگریی لەو ئەفسەرەی کۆچبەران (ICE) کرد کە ژنێکی ئەمریکی لە مینیسۆتا کوشت و، باسی لەوە کرد ئەو ژنە و ھاوڕێکانی ئاژاوەگێڕ بوون و بێڕێزییەکی زۆریان بە ھێزە ئەمنییەکان کردووە و، پۆلیسیش ناچار نییە بەرگەی ئەو جۆرە ڕەفتارانە بگرێت و کارەکانی ئەو ژنەی بە "قبوڵنەکراو" وەسف کرد.