Mohammed Baqi Hussein
27 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2015
هێرشه‌كانی سوپای رژێمی ئه‌سه‌د و فڕۆكه‌کانی جه‌نگیی رووسیا له ده‌وروبه‌ری لازقییه و بایربوجاك و چیای کوردان، به‌رده‌وامه له ئاواره‌كردنی خه‌ڵكی ناوچه‌كه.
توركمان و عه‌ره‌بی ناوچه‌كه له مه‌رگ هه‌ڵدێن و په‌نا بۆ سنووره‌كانی توركیا ده‌به‌ن. هه‌ندێكیان له نێو سنووری سووریادا په‌ناگه‌یه‌كی ئارام په‌یدا ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیشیان ده‌چنه سه‌ر سنوور و هه‌وڵی په‌ڕینه‌وه ده‌دەن.
ئه‌و خێزانانه‌ی ده‌یانه‌وێت بپه‌ڕنه‌وه بۆ نێو خاكی توركیا، دوای ئه‌نجامدانی پشكنینی پێویست بۆیان، رێگه‌ی پەڕینەوەیان پێ ده‌درێت.
- بچووكترین په‌نابه‌ر محه‌مه‌د-ه كه ته‌نها 5 رۆژه له‌دایك بووه
به‌رپرسانی سنووره‌كه پێشینه‌ی په‌ڕینه‌وه ده‌ده‌ن به ژن و منداڵ و پیر و په‌ككه‌وته و نه‌خۆشه‌كان. له‌و بنكه ته‌ندروستیانه‌ی له‌سه‌ر سنوور دروست كراون، پشكنینی ته‌ندروستی بۆ په‌نابه‌ران ئه‌نجام ده‌درێت و دواتر له‌لایه‌ن رێكخراوی مانگی سووره‌وه یارمه‌تی ئاو و خۆراك دابه‌ش ده‌كرێت.
ترس و دڵه‌ڕاوكێ و ماندوویهكی زۆر به روخساری ئاواره‌كانه‌وه دیاره و له‌نێویاندا كۆرپه‌یه‌ك به‌دی ده‌كرێت كه ناوی محه‌مه‌د-ه و ته‌نها 5 رۆژه له‌دایك بووه.
محه‌مه‌د كه به‌تانییه‌كی تێوه پێچراوه و به‌باوه‌شی باوكییهوهیه، بێئاگایه له‌و جیهانه‌ی بۆی هاتووه و چاوه‌كانی ته‌ماشای ده‌ورووبه‌ر ده‌كات.
پەنابەرانی پیاو، دوای ئه‌وه‌ی خێزانه‌كانیان راده‌ستی به‌رپرسانی توركیا ده‌كه‌ن، خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه ئه‌و چادرگانهی لێیه‌وه هاتوون.
له‌ماوه‌ی 2 مانگی كۆتاییدا زیاتر له 40 هه‌زار كه‌س له ده‌ورووبه‌ری ئیدلب و لازقییه ئاواره بوون و روویان له ناوچه ئارامترهكان كردووه.
هەتا ئێستاش هه‌زار و 300 له‌و ئاوارانه له‌لایه‌ن توركیاوه وه‌رگیراون و نیشته‌جێ كراون.