Ramal Abdullah Mahmood,Muhammet Ali Kemal
11 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2017
دۆحە - AA
وەزیری دەرەوەی قەتەر محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، ئاماژەی بەوەدا ئەو هەڵمەتەی ژمارەیەک وڵاتی کەنداو لە دژی ئەوان دەستی پێکردووە تووشی شۆکی کردوون، گوتی: "تاکو ئێستا جگە لە تۆمەتی بێبنەما هیچمان نەبیستووە. ئەو رێوشوێنانەی ئەو وڵاتانە بەرامبەر قەتەر گرتوویانەتە بەر تەنانەت ئەو وڵاتانەی بە دوژمنی قەتەریش دادەنرێن ئەوەیان نەکردووە. دەمانەوێت هۆکاری ئەو دوژمنایەتییە بزانین".
لە پەراوێزی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی قەتەر شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی بۆ رووسیا بۆ کەناڵی RT عەرەبی دوا و ئاماژەی بەوە دا کە دەیانەوێت پشتیوانی و هاوبەش لە دەرەوەی وڵاتانی کەنداو لە رێگەی دیپلۆماتییەوە بۆ قەتەر بەدەست بهێنن.
ئەلسانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەر لەو بارگرژییە پەیوەندی وڵاتانی کەنداو و قەتەر ئاسایی بوون، گوتی: "بەر لە گرتنەبەری ئەم رێوشوێنانە لە رێگەی میدیاوە هەڵمەتیان لە دژی ئێمە دەست پێکرد و دوای هەوڵی هێرشی سایبەر بۆ سەر ئاژانسی هەواڵی QNA ئەو هەڵمەتەی دەستی پێکرد و پشتی بەستبوو بە هەواڵی بێبنەما ئێمەی تووشی شۆک کرد".
ئەلسانی لەبارەی گرتنەبەر رێوشوێنی وڵاتانی کەنداو بەرامبەر قەتەر، گوتی: "تاکو ئێستا جگە لە تۆمەتی بێبنەما هیچمان نەبیستووە. ئەو رێوشوێنانەی ئەو وڵاتانە بەرامبەر قەتەر گرتوویانەتە بەر تەنانەت ئەو وڵاتانەی بە دوژمنی قەتەریش دادەنرێن ئەوەیان نەکردووە. دەمانەوێت هۆکاری ئەو دوژمنایەتییە بزانین. ئاخر چۆن دەبێت ئێمە هەم بە پشتیوانیکردنی حیزبوڵڵا و ئێران، قاعیدە لە سووریا لەلایەک و حوسییەکان و ئیخوان موسلیمین لەلایەکی دیکەوە تاوانبار بکرێین. ئەم لێکدژییە باشترین بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو تۆمەتانە بێبنەما و نالۆژیکین".
ئەلسانی ئاماژەی بەوەدا ئەو هەڵمەتە میدیایی و هەواڵە درۆیانەی لە دژی میری قەتەر تەمیم بن حەمەد و گەورەبەرپرسانی قەتەر بەڕێوەدەچن دەرخەری ئەوەیە کە بەرامبەر قەتەر شتێکی گەورەتر بەڕێوەدەچێت.
ئالسانی باسی لەوەکرد وڵاتەکەی دژی گرژییەکانە و ئاماژەی بەوەکرد پێویستە هەموو لێک حاڵینەبوون و کێشەکان لەرێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکرێن.
ئاشکراشیکرد هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەو و فەرماندەی سوپای قودسدا نەبووە و ئەو هەواڵانەشی کە باس لەو جۆرە کۆبوونەوەیە دەکەن بە ''دوور لەراستی و بەشێک لەو هەڵمەتی درۆ و بوختانەی کە دژ بە قەتەر بەڕێوەدەچێت'' داوەتە قەڵەم.
ئالسانی پرسی ''ئایا ئیخوان لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە؟'' و ئاماژەی بەوەکرد قەتەر پشتیوانیی حکوومەتەکانی میسر و تونسی کردووە نەک ئیخوان و گوتی: ''ئێمە پەیوەندییمان لەگەڵ حکوومەتەکاندا دادەمەزرێنین، ئێمە پارتێکی سیاسیی نیین، بەڵکو دەوڵەتین''.
لەبارەی حەماسیشەوە، گوتی: ''حەماس لەلای ئەمریکا رێکخراوێکی تیرۆریستییە، بەڵام هەموو وڵاتە عەرەبییەکان وەک بزووتنەوەیەکی بەرەنگاریی رەوا تەماشای دەکەن. ئێمەش پشتیوانیی گەلی فەڵەستین دەکەین و پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستیندا دەبەستین. حەماس بوونی سیاسیی لە قەتەر هەیە بەڵام سەرکردەکەیان لە فەڵەستینە''.
لەبارەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە قەتەر، ئالسانی جەختی لەوەکردەوە کە قەتەر ئازادە لە ئەنجامدانی رێککەوتننامەی سەربازیی.
ئالسانی تیشکی خستە سەر ئەوەش کە لەگەڵ ئێراندا پەیوەندیی روون، ئاشکرا و شەفافیان هەیە و گوتی:
''هەموومان دەمانەوێت پەیوەندیی ئەرێنیمان لەگەڵ ئێراندا هەبێت، چونکە دراوسێمانە. چەندێک گرژیی لەنێوانیشماندا رووبدات لەگەڵ ئێراندا، بڕیارێکی هاوبەشی وڵاتانی ئەندامی هاریکاریی کەنداو بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، بوونی هەیە. ئێران لە قەیرانی کەنداودا هەموو بەندەرەکان و کایەی ئاسمانیی بەڕووی بەکارهێناندا لەلایەن ئێمەوە کردەوە، بەڵام ئێمە بەکارمان نەهێنان. ئەنجامدانی بازرگانی لەگەڵ ئێرانیش وەک تاوان لەلایەن وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی هاریکاریی کەنداو، تەماشا ناکرێت''.