ئاگری
لەدوای قۆناغی ئاشتی شارۆچکەی دۆغوبایەزید بۆتە جێی سەرنجی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی تورکیا .
(عەلی ئەفە)ی سەرۆکی ژووری بارزگانی و پیشەسازی دۆغوبایەزید ئاشکرای کرد، ئەشکەوتی سەھۆڵبەندی و چیای ئاگری و کۆشکی ئیسحاق پاشا و گۆلی ماسی بوونەتە جێی سەرنج و بایەخی گەشتیارە بیانی و ناوخۆییەکان .
ئەفە کە باسی لە مێژووییبوون و گرنگییە کلتوریەکانی شارۆچکەکەیان کرد، گوتی ئێستا چیای ئاگری کە بەرزترین چیایە لە ناوچەکەدا بۆتە جێبایەخ و گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن.
چیای ئاگری دەکەوێتە سێگۆشەی سنوری ئەرمەنستان و ئێران و تورکیا، ھاوکات بەھۆی ئەو چیرۆکانەی باس لە لەنگەرگرتنی کەشتیەکەی حەزرەتی نوح لەو شوێنە دەکەن, ژمارەیەکی ئێجگار زۆری گەشتیار رووی تێدەکەن و دەچنە سەر لوتکەی چیاکە.
ئەفە ئاماژەی بەوەدا، دوای دەستپێکردنی قۆناغی ئاشتی گەشتیارێکی زۆر ڕوو دەکەنە چەند شوێنێکی سەرنجراکێش لە ناوچەکەدا، لەوانە کۆشکی ئیسحاق پاشا کە ٥ کم لە شارۆچکەکەوە دوورە و بە ٩٩ ساڵ تەواو کراوە، گۆلی ماسی کە ٢ ھەزار و ٢٤١ مەتر لە ئاست ڕووی دەریاوە بەرزە.
ئەفە باسی لەوە کرد ( ئەشکەوتی سەھۆڵبەندی) کە دەکەوێتە باشوری چیایی ئاگری-یەوە و ١٠٠ م درێژە و ٥٠ م فراوانە و ١٠ م قووڵە, ھاوکات مەزاری شاعیری گەورە و فەیلەسوف (ئەحمەدی خانی ) لەو شوێنانەن گەشتیارێکی زۆر سەردانیان دەکەن .
ئەو سەرۆکەی ژووری بازرگانی خوازیار بوو وەبەرھێنەکان بێنە ئەم ناوچانە و وەبەرھێنانی زیاتریان تێدا بکەن تا زیاتر پێش بکەوێ.
ئەفە کە ھیواخواز بوو قۆناغی ئاشتی بەردەوام بێ ھەروەھا گوتی، لە ئێستادا کە دایکان بۆ ھاتنەوەی تەرمی کوڕەکانیان ناگرین و بڕیارە پاکێجی دیموکراتیزەبوونیش لە تورکیا لە سەرەتای مانگی داھاتوودا ئاشکرا بکرێ، کاریگەریی زیاتری لەسەر قۆناغەکە دەبێ.