تونجەلی - AA
ژنە ھەنگەوانی دەرسیم - تونجەلی (فیدان ئایدین) بۆ ھەناردەکردنی ھەنگوین کۆمپانیایەکی دامەزراندووەو بەرھەمی ھەنگەوانان دەکڕێتەوەو رەوانەی دەرەوەی تورکیای دەکات.
فیدان بێجگە لەھەنگەوانی، سەرۆکی رێکخراوێکی ژنانە لەناوچەی دەرسیم بۆخۆی دەڵێ شەش ساڵە لە (دۆڵی مونزور) ھەنگەوانی دەکا و سێ ساڵیش سەرۆکایەتیی یەکێتی ھەنگەوانانی دەرسیم بووە.
فیدان گوتی" ماوەی ٢٢ ساڵ بوو سەردانی دەرسیمم نەکردبوو، کاتێ گەڕامەوە بڕیارمدا لە دەرسیم نیشتەجێ بم، دوای نیشتەجێبوون دەستم بە کشتوکاڵ کرد کەچی سوودی نەبوو بۆیە دەستم بە کاری ھەنگەوانی کرد. دواتر داوام لە یەکێتی ھەنگەوانانی تورکیا کرد تا سەردانی ناوچەی دەرسیم بکەن. لە کاتی سەردانەکەیان بەرپرسانی یەکێتی ھەنگەوانانی تورکیا داوایان لێکردم یەکێتی ھەنگەوانانی دەرسیم دابمەزرێنین، بۆیە دوای گەڕان لە ناوچەکە و ووتوێژکردن لەگەڵ ھەنگەوانان ئەو یەکێتییەمان دامەزراند".
فیدان بەردەوامی بەقسەکانی دا "وەکو ژنێکی ھەنگەوان بە سەرمایەیەکی زۆر کەم دەستم بەم کارەکرد، دواتر توانیم مۆڵەتی دامەزراندنی کۆمپانیایەک وەربگرم و لە رێی ئەو کۆمپانیایەوە دەست بە ھەناردە کردنی ھەنگوینی ناوچەکە بکەم".
لەبارەی ئاستەنگ و چەرمەسەریی کارەکەی، فیدان گوتی" وەکو ژنێکی دەستپێشخەر رووبەرووی ئاستەنگی زۆر بوومەوە، کاری ھەنگەوانی کارێکە پێویستی بە ھێز ھەیە، کاتێ دەچیتە کوێستانەکان کەس ھاوکاریت ناکات بۆماوەی شەش مانگ لە کوێستانەکان بە تەنیا دەمێنیتەوە، مانەوە لە کوێستان ئاسان نییە، کارەبا، رێگاوبان و تەلەفۆن لە کوێستان نییە لەوە خراپتر ئەوەیە ھەنگەکان پێمانەوە دەدەن، ئەمساڵ ھەنگێکی زۆر پێوەداوم".
ئێستا ئیتر ھەنگەوانی بووەتە کارێکی راھاتوو لەمێشکی فیدان و دەڵێ ناتوانێ وازی لێ بێنێ، ھەروا بووەتە شارەزایەکی باشی ناوچەکەی خۆی " ھەنگەوانی کارێکی ئەوتۆیە لەگەڵی راھاتی ناتوانی وازی لێ بێنی، ساڵانە یەک تەن ھەنگوین بەرھەم دەھێنم بۆیە دەمەوێ لەمەودوا ئەم ھەنگوینانە ھەناردەی دەرەوەی تورکیا بکەم. ناوچەی دەرسیم دەوڵەمەندترین ناوچەی تورکیایە، نزیکە ھەزار و ٥١٨ جۆر گژوگیای تێدایە، دۆڵ و بەرزاییەکانی مونزور دەوڵەمەنترە لە بەریتانیا و ھۆڵەندا".