Zana Natık Kerem
18 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2018
غەززە ــ AA
دوو ھاووڵاتی فەڵەستینی بە ھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە باشووری کەرتی غەززە کوژران.
تیمەکانی فریاکەوتن سەربە کۆمەڵەی مانگی سووری فەڵەستینی رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، تەرمی دوو ھاووڵاتی فەڵەستینییان دۆزیوەتەوە کە درەنگانی شەوی رابردوو لە نزیک شارۆچکەی قەرارە رۆژھەڵاتی شاری خان یونس باشووری کەرتی غەززە کوژراون.
سەرچاوەیەک لە تیمەکانی فریاکەوتن سەربە کۆمەڵەی مانگی سووری فەڵەستینی کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند "تەرمی دوو ھاووڵاتییە فەڵەستینییەکە لە نزیک سنووری رۆژھەڵاتی شارۆچکەی قەرارە دۆزراونەتەوە کە لە لایەن فڕۆکەیەکی جەنگی ئیسرائیل کرابوونە ئامانج".
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، فڕۆکەیەکی جەنگی دوو ھاووڵاتی فەڵەستینی کردووەتە ئامانج کە ھەوڵیاندابوو بە ئاراستەی سنووری ئەمنی باشووری کەرتی غەززە نزیک ببنەوە.
ھاوکات وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە کە تەرمی دوو فەڵەستینییەکە گەیەندراونەتە کۆمەڵگەی ناسری پزیشکی لە خان یونس.