Ahmet Dursun
15 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان کاردانەوەی نیشاندا بەرامبەر هەڵوێستی بەرپرسانی ئەورووپا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی و، رایگەیاند: ''ئێران وڵاتێک نییە کودەتا تێیدا روو بدات''.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ ئەنجامداوە و تیایدا خۆپیشاندانەکانی ئێران و دانوستانەکانی ئەتۆمی تاوتوێ کردووە.
سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ئەو خۆپیشاندانانەی ئێرانی گرتووەتەوە، عەبدوڵڵاهیان رایگەیاند: ''گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی مایەی نیگەرانییە بۆ هەموومان. لەو چوارچێوەیەشدا بە چاودێری پسپۆڕانی پزیشکی لەلایەن دەستەی پزیشکی دادوەرییەوە راپۆرتێکی دروست و زانستیی پێشکەش کراوە''.
عەبدوڵڵاهیان باسی لەوە کرد کە هەنگاوەکانی دادگا لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو کچە گەنجەوە درێژەی هەیە و، رایگەیاند: ''بێگومان ئەم دۆسیەیە بۆ هەندێک بەرپرسی خۆرئاوا بووەتە بەهانە، خۆرئاوا چی کردووە لە بەرامبەر سەدان دۆسیەی کوشتنی ژن و منداڵان لەلایەن پۆلیسەوە، بە تایبەت لە کەنەدا و ئەمریکا؟ لە کاتێکدا هەمان کردار کە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا لە ئێراندا روویدا بە سەرکوت هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەورووپا کە بە توندترین شێوەی رووبەڕووی راپەڕینەکان دەبێتەوە ناکرێت ئەو کردەوەیەکی بە باشی و قبوڵکراو تەماشا بکرێت''.
هەروەها عەبدوڵڵاهیان باسی لەوە کرد کە پێویستە داخوازی ئاشتیانە و کردەی تیرۆریستیی و پشێوینانەوە لە یەکتری جیابکرێتەوە و، رایگەیاند: ''ئێران وڵاتێک نییە کودەتا تێیدا روو بدات''.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو کە ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەورووپا لە چوارچێوەی هاریکاری تاوتوێ دەکات و، داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کرد بە هەڵوێستێکی راستەقینە تەماشای رووداوەکانی ئێران بکەن.
سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەن بۆ رووسیا بەمەبەستی بەکارهەنانی لە جەنگی ئۆکراینادا، عەبدوڵلاهیان رایگەیاند: ''لەگەڵ رووسیادا هاریکاریمان هەیە لەبارەی بەرگریی، بەڵام سیاسەتمان بۆ جەنگی ئۆکراینا نەناردنی چەکە بۆ لایەنەکانی شەڕەکە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگ و کۆتاییهێنان بە ئاوارەبوونی خەڵک''.
لای خۆیەوە، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە پێشکەوتنی دانوستانەکان بۆ سەرلەنوێ جێبەجێکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنەکە، جەختیشی لەسەر گرنگی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کردەوە.