Mazın Asad
03 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2017
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند: "قبووڵ ناکەین پەکەکە خاکی عێراق بەکار بھێنێت و لەوێوەوە ھێرش بکاتە سەر تورکیا".
عەبادی لە بارەگای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد.
عەبادی ئاماژەی بە سەردانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بیناڵی یڵدرم بۆ عێراق کرد و گوتی: "سەردانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بۆ عێراق لە چوارچێوەی بەھێزکردنی پەیوەندییەکان دەبێت. دەمانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و گشت وڵاتان لە بوارەکانی سیاسی، ئاسایش، ئابووری و بازرگانی بدەین".
لەبارەی بوونی پەکەکە لە عێراق، عەبادی رایگەیاند: "قبووڵ ناکەین پەکەکە خاکی عێراق بەکار بھێنێت و لەوێوەوە ھێرش بکاتە سەر تورکیا".
لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە ژێر دەسەڵاتی داعش، عەبادی ئاماژەی بەوە دا کە ھێزەکانی ئەمنی لەم رۆژانەی دواییدا پێشڕەویی و سەرکەوتنیان بەسەر داعش تۆمار کردووە، داوای لە وڵاتانی جیھان کرد ئاڵۆگۆڕی زانیاری ھەواڵگری دەربارەی ئەو رێکخراوە بکەن.
ھاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کرد کە دەست بە کۆبوونەوەکانیان لەو ناوچانە بکەن کە رزگار کراون.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێداویستی خۆراک فەراهەم کراوە و پرۆسەی خوێندن لە ناوچە رزگارکراوەکانی موسڵ دەستیپێکردووەتەوە.
-"بۆشایی ئەمنی ھەیە"
عەبادی روونیشیکردەوە کە لە رووداوەکانی بەغدا، نەجەف و سەڵاحەدین بۆشایی ئەمنی ھەیە و راشیگەیاند رێنمایی نوێی بۆ خاڵی کۆنترۆڵەکان لە بەغدا و شارەکانی دیکە ناردووە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا راشیگەیاند پێویستە ھەرێمی کوردستان لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتەوە شەفافیەتى زیاتر بخاتەڕوو.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی دانانی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ، رایگەیاند بەم نزیکانە دوو وەزیر بۆ ئەو وەزارەتە دەستنیشان دەکرێن و لەوبارەیەوە داوای پشتگیری لە پەرلەمانتاران کرد.
جێگەی باسە چەند مانگێکە ھەریەک لە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، دارایی و بازرگانی و پیشەسازی عێراق بێ وەزیرن.