جيهان

عادل جوبەیر: "شەش داواكارییمان لە ئێران هەیە"

- وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر: "شەش داواكارییمان لە ئێران هەیە و بەهیچ شێوەیەك سەبارەت بە قەیرانی یەمەن گفتوگۆ لەگەڵ تاران ناكەین".

Hussein Mahmoud Ragab Elkabany, Hamdi Yıldız, Zana Natık Kerem  | 02.10.2019 - نوێکردنەوە : 02.10.2019
عادل جوبەیر: "شەش داواكارییمان لە ئێران هەیە"

Riyad

ریاز ــ AA

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر رایگەیاند كە شەش داواكارییان لە ئێران هەیە و بەدووری دەزانێت کە گفتوگۆ لەگەڵ تاراندا بكەن سەبارەت بە قەیرانی یەمەن.

عادل جوبەیر وەڵامی گوتەبێژی حكوومەتی ئێران، عەلی رەبیعی دایەوە كە رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی لە رێگەی سەرۆكی وڵاتێک نامەیەكی لە سعوودیەوە بەدەست گەیشتووە.

عەلی رەبیعی ئاماژەی بەوەش كردبوو كە حەسەن روحانی خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە گفتوگۆكردن لەگەڵ سعوودیە ئەگەر ریاز هەڵسوكەوتی لە ناوچەكەدا بگۆڕێت و جەنگییش لە یەمەن رابگرێت.

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە، ئەوەی گوتەبێژی حكوومەتی رژێمی ئێران باسی لێوەكردووە لەوەی سعوودیە نامەی ناردووە بۆ رژێمی ئێران لە راستییەوە دوورە.

عادل جوبەیر لەوبارەوە روونكردنەوەی داوە و گوتوویەتی "ئەوەی رووداوە ئەوەیە، وڵاتێكی برا هەوڵی هێوركردنەوەی رەوشەكەی داوە، بەڵام پێمان راگەیاندووە كە هەڵوێستی سعوودیە ئەوەیە بەردەوام هەوڵی ئاسایش و سەقامگیری دەدات لە ناوچەكەدا".

وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەوەشی گوتووە "هەروەها بەو وڵاتەمان راگەیاندووە كە گرنگە ئەو لایەنە رەوشەكە هێوربكاتەوە كە گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەكەدا بڵاودەكاتەوە".

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر باسی لەوەشكرد كە وڵاتەكەی شەش داواكاری لە ئێران هەیە و گوتی: "دووبارە لێرەوە هەڵوێستی سعوودیە دەخەمەوەڕوو بۆ ئەوەی گوێیان لێ بێت، پاڵپشتییەكانتان بۆ تیرۆر رابگرن، واز لە سیاسەتی گرژی و وێرانكاریی و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی بیهێنن".

عادل جوبەیر داواشی لە ئێران كرد كە پەرەپێدان بە چەكی كۆمەڵكوژ و بەرنامەی مووشەكی بالیستی رابگرێت، هەروەها وەك وڵاتێكی سروشتی نەوەك وەك وڵاتێكی پاڵپشتیكار لە تیرۆر هەڵسوكەوت بكات.

سەبارەت بە بانگەوازی ئێران بۆ هێوركردنەوەی رەوشی یەمەن، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر گوتی: "گفتوگۆ ناكەین لەگەڵ رژێمی ئێران سەبارەت بە یەمەن، چونكە رەوشی یەمەن تایبەتە بە یەمەنییەكان بەسەرجەم پێكهاتەكانییەوە، هۆكاری قەیرانی یەمەنیش، تەنها ئێرانە".

عادل جوبەیر رژێمی ئێرانی بە گومڕا ناوزەند كرد و گوتی: "دوایین شت كە رژێمی ئێران هەوڵی بۆ بدات، هێوركردنەوە و ئاشتییە لە یەمەن".

وەزیری دەرەوەی سعوودیە جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە رژێمی ئێران چەك و مووشەك دەدات بە لایەنگرانی كە رۆڵەكانی یەمەن و ئاسایشی سعوودیە و وڵاتانی ناوچەكە دەكەنە ئامانج و گوتی: "بۆچی ئێران لە بری ناردنی چەك، یارمەتی و هاوكاریی پێشكەش بە یەمەن ناكات".

هیچ روونكردنەوەیەك لەوبارەوە لە لایەن ئێرانەوە بڵاونەكراوەتەوە كە زۆرجار بەتوندی ئەوەی تۆمەتەكانی سعوودیە سەبارەت بە دەستوەردان لە كاروباری یەمەن رەتكردووەتەوە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، عەلی لاریجانی خۆشحاڵی خۆی نیشاندابوو بە لێدوانەکەی جێنشینی سعوودیە، شازادە محەمەد بن سەلمان كە راگەیاندبوو ئومێد دەكات بە گفتوگۆ ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو وڵات چارەسەر بكرێن.

عەلی لاریجانی لە لێدوانێكدا كە ئاژانسی هەواڵیی "فارس" بڵاویكردبوویەوە ئاماژەی بەوە كردبوو "گفتوگۆكردنی نێوان سعوودیە و ئێران، زۆرێك لە كێشەكانی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەكەدا چارەسەر دەكات".

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، حكوومەتی عێراق هەوڵی نێوەندگیری دەدات لە نێوان ئێران و سعوودیە.

رۆژی یەكشەممەی رابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندبوو كە وڵاتەكەی رۆڵێكی ئەرێنی دەگرێت بە ئامانجی هێوركردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكە، سعوودیە، ئێران و ئەمریكا هەوڵی هێوركردنەوە و چارەسەركردنی كێشەكان دەدەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın