Sangar Hamad Azeez
06 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2017
ریاز - AA
وەزیری دەرەوەی سعوودیە عادل ئەلجوبەیر رایگەیاند کە بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن پێشێلی ئەمنی نیشتیمانی وڵاتەکەیان بکرێت و گوتیشی : " سەبارەت بە چالاکییە دوژمایەتییەکانی ئێران، دەستەوەستاو نابین و لە کاتی گونجاودا بە توندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە".
جوبەیر لەمیانی بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: "ئێران بە کارە تیرۆریستییەکانی بەردەوامە لە ترساندنی بێ تاوانەکان، کوشتنی منداڵان و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان. چەند رۆژێک لەمەو بەر دەرکەوت کە هاوبەشی رێکخراوی تیرۆریستی چەکدارانی حوسییە لە یەمەن".
ناوبراو جەختی کردەوە لەوەی کە ئێران بە دەستێوەرانی کارەکانی وڵاتانی ناوچەکە بووەتە هەرەشەیەک بۆ ئاشتی و ئەمنی نێودەوڵەتی و گوتیشی : " رێگە نادەین پێشێلی ئەمنی نیشتیمانی وڵاتەکەمان بکرێت. سەبارەت بە چالاکییە دوژمایەتییەکانی ئێران، دەستەوەستاو نابین و لە کاتی گونجاودا بە توندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە".
وڵاتی سعوودیە رایگەیاندبوو کە پێدانی موشەکی بالیستیکی بە حوسییەکان لەلایەن ئێرانەوە، بە ئاشکرا جوڵەی جەنگە بەرامبەر بە هێزەکانی هاوپەیمانی دژ بە حوسییەکان لە یەمەن کە سعوودیە رابەرایەتی دەکات .
شەممەی رابردوو حوسییەکان لە یەمەنەوە موشەکێکی بالیستیکیان ئاراستەی مەککەی پیرۆز کرد، بەڵام لەلایەن سیستەمی بەرگری موشەکی سعوودیەوە خرایە خوارەوە.