Abdullah Shukur
21 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2018
غەززە - AA
لە ئاکامی ھێرشی ئاسمانی دوێنێی سوپای ئیسرائیل، چوار ھاووڵاتی سڤیل کوژران و، ئەمڕۆش تەرمەکانییان بەخاک سپێردران.
لە نێو ئەمانەشدا تەرمی شەھید محەمەد شەریف بەدوانی، بردرایە مزگەوتی حەزرەتی عومەر لە شاری غەززە.
ھاوکات تەرمی بەدوان بە ئاڵای تورکیا پێچرایەوە و، لە دوای ئەنجامدانی نوێژی مردووش لە گۆڕستانی شار بەخاک سپێردرا.
لە کاتی ناشتنی تەرمەکەش، کەسوکاری بەدوان لێدوانیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دا.
بەدوان ھەر کاتێک کە لە ماڵ دەردەچوو بەمەبەستی بەشداریکردن لە چالاکییەکانی "رێپێوانی گەڕانەوەی گەورە" لە نزیک سنووری غەززە، بە خانەوادە و کەسە نزیکەکانی رادەگەیاند کە ئەگەر شەھید بێت ئەوا تەرمەکەی بە ئاڵای تورکیا بپێچنەوە.
ئیھاب بەدوان کە کوڕە مامی محەمەد شەریف بەدوانە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەدوان ھەمیشە دەیگوت ئەگەر شەھید بێت ئەوا تەرمەکەی بە ئاڵای تورکیا بپێچنەوە.
ئیھاب بەدوان رایگەیاند کە محەمەد شەریف بەدوان زۆر تورکیای خۆشدەویست و، سەرسام بوو بە کەسایەتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان. گوتیشی: "ھەمیشە بە منی دەگوت خۆزگە سەردانی تورکیام دەکرد و، روو بە روو ئەردۆغانم دەدیت".
ئیھاب بەدوان راشیگەیاند کە شەھید محەمەد بەدوان ھەمیشە بەشداری لە خۆپیشاندانەکان کردووە و، ئاڵای تورکیای بەرز کردووەتهوه. گوتیشی: "جارێکیان پێم گوت بۆچی ئاڵای تورکیا بەرز دەکەیتەوە، ئەویش پێی گوتم ' تورکیا و سەرکۆمارەکەیم زۆر خۆشدەوێت، ئەردۆغان تاکە کەسە کە دادپەروەرە و بەرگری لە پیرۆزییەکان و ئیسلام دەکات".