01 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تا دێت پرسیاری زیاتر دەکرێت لەبارەی کاندیدان بۆ پۆستە باڵاکانی دەوڵەت، بەتایبەتیش سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
دوای رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆستە باڵاکان وەک نەریتێکی سیاسیی کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە بەسەر پێکھاتە سەرەکییەکان لە عێراق دابەش بوون.
بەپێی ئەو نەریتە سیاسییە، پۆستی سەرۆکوەزیرانی بۆ لایەنی شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە و سەرکۆماریش پشکی کوردە.
سەرکۆمار بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵدەبژێردرێت و ماوەی دەسەڵاتەکەیشی چوار ساڵە.
دوو پارتی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان رکابەری یەکتر دەکەن بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرکۆماری داھاتووی عێراق، ئەوانیش پارتی دیموکراتی کوردستان، بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی.
سەرکۆماری ئێستای عێراق، بەرھەم ساڵح سەرکردە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەری ھەیە بۆ خولی دووەم کاندید بکرێتەوە.
لەمبارەیەوە شرۆڤەکاری سیاسیی، دورەید ناسر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە بەرھەم ساڵح چانسی ئەوەی نییە دووبارە ببێتەوە بە سەرکۆماری عێراق و گوتی: "سەرکردە نوێیەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نانەوێت بەرھەم ساڵح ببێتەوە بە سەرکۆماری عێراق، چونکە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا باش نییە".
گوتیشی: "ئەمجارە پۆستی سەرکۆماری عێراق لە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەرناچێت کە بەجیددی ھەوڵدەدات لە خولی داھاتوو، بۆ خۆی بێت".
سەبارەت بەو کەسانەی کە ئەگەری ھەیە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کاندیدیان بکات، دورەید ناسر گوتی: "ئەگەری ھەیە پارتی دیموکراتی، فوئاد حوسێن یان ھوشیار زێباری یان سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، عەدنان موفتی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کاندید بکات".
دوای ئەنجامدانی یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستی سەرکۆماری عێراق بەڕێوەدەبات.
سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال تاڵەبانی لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٥ و ٢٠١٤ بۆ دوو خول لەسەر یەکتر سەرکۆماری عێراق بوو، دوای ئەوەیش سەرکردە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، فوئاد مەعسوم لە ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ سەرکۆماری عێراق بوو، دوای ئەوەیش لە ساڵی ٢٠١٨وە تا ئێستا، بەرھەم ساڵح سەرکۆماری عێراقە.
لەبەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستەکانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات، ئەوەیش بەپێی رێککەوتنی نێوان ھەردوولا کە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان کراوە.
ئەوەی بەدی دەکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمجارە بە جیددی ھەوڵی بەدەستھێنانی پۆستی سەرکۆماری عێراق دەدات، ئەوەیش پاڵپشت بەوەی لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، ژمارەی کورسییەکانی زیادی کردووە، ھەروەھا بەهۆی ئەو دابەشبوونەی کە لەئێستادا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرەوڕووی بووەتەوە.
بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆی ٣٢٩ کورسی، ٣١ کورسی بەدەستھێناوە لە کاتێکدا لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، ٢٥ کورسی بەدەستھێنا بوو، لەبەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ١٧ کورسی بەدەستھێناوە لە کاتێکدا لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، ھەر ١٧ کورسی بەدەستھێنابوو.
ــ دابەشبوونەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ماوەی یەک مانگە یەکێتیی نیشتمانیی لەنێو سەرکردەکانیدا بەرەوڕووی دابەشبوون بووەتەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی ھاوسەرۆکی حزبەکە، لاھور جەنگی لە مانگی تشرینی رابردوودا، دوورخرایەوە.
سەرکردە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، عەبدولسەلام بەراوری لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وەک ئاماژەیەک بۆ ھاوپەیمانیی فەتح گوتی: "ئەو لایەنە سیاسییانەی کە پاڵپشتییان لە کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کردبوو لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارە، سەنگ و قورسی سیاسییان نەماوە".
ھاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری کە باڵی سیاسیی گرووپە چەکدارەکانی شیعەیە نزیک لە ئێران، بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان، ١٧ کورسی بەدەستھێناوە لە کاتێکدایە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، بە بەدەستھێنانی ٤٨ کورسی لە پلەی دووەم دابوو.
ھەروەھا بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە.
عەبدولسەلام بەراوری ئاماژەی بەوەیش دا کە کاندیدکردنی ھەر کەسێک لەلایەن کوردەوە، پەیوەستە بە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا و گوتی: "ھێشتا زووە قسە لەسەر ئەو پرسە بکرێت، ئەوەیش لە سایەی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە شیعەکان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران و پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو".
ــ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو
رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر کە بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان، زۆرترین کورسی بەدەستھێناوە ھەوڵدەدات حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی پێکبھێنێت کە ئەوەیش یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥وە روودەدات، بەڵام پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە لەلایەن ژمارەیەک لایەنی شیعە کە بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان، ژمارەی کورسییەکانیان کەمی کردووە، رەتدەکرێتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی ناوەندی گەشەپێدانی راگەیاندن کە بارەگاکەی لە بەغدایە، عەدنان سەراج بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان نایەوێت پەلە بکات لە ئاشکراکردنی ناوی کاندیدانی خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق".
عەدنان سەراج وای بۆ دەچێت کە کورد چاوەڕوانی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان دەکات لە بەغدا، بەرلەوەی ناوی کاندیدانی خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار پێشکەش بکەن و گوتی: "باوەڕناکەم بەرھەم ساڵح لەبەر چەند ھۆکار دووبارە ببێتەوە بە سەرکۆماری عێراق، لەوانە ململانێیەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان".
گوتیشی: "ھەروەھا پارتی دیموکراتی کوردستان، بەجیددی ھەوڵ دەدات پۆستی سەرکۆماری داھاتووی عێراق بۆ خۆی بێت و پاڵپشتی لەو ناکات کە بەرھەم ساڵح دووبارە ببێتەوە بە سەرکۆماری عێراق".