Abdullah Shukur
16 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم گوتی: "ئەوانەی کە لەم قۆناغەدا ھەوڵیانداوە دەست لە کاروباری ناوخۆی تورکیا وەربدەن، ئەوانەی ویستیان پێ بە تورکیا دا بنێن، ئەمرۆ شەرمەزارن. داواکاری گەل ھاتە جێ نەک داواکاری ئەوان".
سەرۆکی گشتپی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆبوونەوەیەکی جەماوەری لەبەردەم ناوەندی گشتی ئاک پارتی، گوتارێکی پێشکەش کرد.
بینالی یڵدرم پیرۆزبایی لەو گەنجانە کرد کە بۆ یەکەمین جار بەشداریان لەم گشتپرسییە کردووە و گوتیشی: "بەتایبەتی پیرۆزبایی لە یەک ملیۆن و ٢٥٩ گەنج دەکەم کە ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان کرد".
بینالی یڵدرم لەبارەی ئەنجامە نافەرمییەکانی گشتپرسی گۆڕانکاری دەستووری تورکیا گوتی: "بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان، گشتپرسی کە پێشنیاری سیستەمی حکوومەتی سەرۆکایەتی کۆمار دەکات بە دەنگی 'بەڵی' بە ئەنجام گەیشت. خوا بەخێری بگێڕێت. سوپاسی ھەموو ھاووڵاتیانمان دەکەم کە بە رێژەیەکی زۆر بەشدارییان کرد و، چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بژاردەی خۆیان ھەڵبژارد و، خاوەندارێتی دیموکراسیەکەمانیان کرد، سوپاسیان دەکەم".
بینالی یڵدرم زیاتر گوتیشی: "ئەم گشتپرسییە کە بە رەخساندنی کەشێکی ئارام ئەنجام درا، ھەڵبژاردنێکە کە لە مێژووی دیموکراسیماندا گەل بڕیاری خۆی دا. ئەم گشتپرسییە لە مێژووی دیموکراسیماندا لاپەڕەیەکی نوێ دەکاتەوە. با ھەموو کەس دڵنیا بێت ئەنجامی ئەو گشتپرسییە لە پێناو خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی گەلەکەمان بەباشترین شێوە ھەڵدەسەنگێنین".
سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم ئاماژەی بەوەکرد کە "کەس لەم گشتپرسییە نەدۆڕاوە. تورکیا و گەلە ئازیزەکەمان سەرکەوتن".
بینالی یڵدرم ئاماژەی بە گرنگی ئیرادەی گەل کرد و گوتی: "ھەروەکو لە سەرەتای ئەم رێگایە گوتوومانە 'ئیرادەی گەل داوای چی بکات، ئەنجامەکەی دەبێتە تاجی سەرمان'، گەلەکەمان دەنگی خۆی داوە، دەنگی 'بەڵێ' ی بە سیستەمی سەرۆکایەتی کۆمار داوە. ئەم وڵات و گەلە دووبارە ئەوەی نیشانداوە کە بە ھیچ شێوەیەک سەر بۆ دەستێوەردان و ھەڕەشەی دەرەکی دانانوێنێت".
سەبارەت بە پەسەندکردنی ئەنجامی گشتپرسی گۆڕانکاری دەستووری تورکیا، سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە بۆچوونی جیاواز و، پێشنیاری جیاوازمان دەبێت بۆ چارەسەر، بەڵام لە ئەنجامدا یەکگرتوویی و بەیەکەوەییمان وەک چاومان دەپارێزین. جوانیی دیموکراسیشمان ھەر ئەوەیە. بوونی بۆچوونی جیاواز ھیچ کات بەواتای سەپاندنیان نایەت بەسەر یەکتریدا".
سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم جەختیشی لەوە کردەوە کە گەل وەڵامێکی بەھێزی گشت رێکخراوەکانی تیرۆریستی داویەوە و گوتی: "لەم گشتپرسییە گەلەکەمان لەسەر سندووقەکانی دەنگدان بە بەھێزترین شێوە وەڵامی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەی ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزی دا، رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز، ئەو ھێزە دەرەکییانەی دایەوە کە دژایەتی تورکیا دەکەن".
بینالی یڵدرم لە درێژەی گوتارەکەیدا رایگەیاند کە گەل دەنگی بەڵێی بە گشتپرسی داوە و خاڵی کۆتای داناوە. لەمبارەیەوە گوتیشی : "لە گۆڕەپانەکان شتی جیاوازمان بە گەل گوت، بەڵام گەل دوا قسەی خۆی کرد و بە 'بەڵێ' دەنگی دا. خالی کۆتای دانا".
سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە درێژەدا گوتیشی: "ئێستا سەیری بەردەممان دەکەین، ئێستا سەرقاڵی کارمان دەبین، ئێستا لەپێناو بەیانییەکی رۆشن بۆ گەلەکەمان سەیری ھیوا دوورەکان دەکەین. تا ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩ ئامادەکاری پێویست دەکەین و، کاردەکەین و یەکەم ھەڵبژاردنی گشتیی بۆ سیستەمی نوێ ئەنجام دەدەین".