Sarmand Hameed
17 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2019
ئیسلام ئاباد - AA
شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیسلام ئاباد پایتەختی پاکستان.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی پاکستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردووەتەوە، بن سەلمان بە گەیشتنی بە ئیسلام ئاباد لە لایەن سەرۆکوەزیرانی پاکستان، عیمران خان پێشوازی لێکرا.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاندبوو، بڕیاربوو بن سەلمان دوێنێ شەممە بگاتە ئیسلام ئاباد بەڵام سەردانەکەی بۆ ماوەی یەک رۆژ دواخرابوو.
بەپێی بەیاننامەیەکی دیوانی شاهانەی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لە میانی گەشتەکەیدا سەردانی هەر یەک لە پاکستان و هیندستان و چین دەکات.
هاوکات هەریەک لە مالیزیا و ئیندۆنیزیا رایانگەیاندبوو کە شازادەی جێنشینی سعوودیە دوای دواخستنی سەردانەکەی بۆ ئەو دوو وڵاتە کردووە کە بڕیار بوو لە میانی هەمان گەشتیدا سەردانی بکات.
ئەم گەشتەی شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ دەرەوەی وڵات بە دووەم گەشتی ناوبراو دادەنرێت لە دوای کوژرانی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی کە لەناو کۆنسولخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ کوژرا.