Ali Cura
08 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2022
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوئێل ماکرۆن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "دڵنیایییە ئەمنییەکانی رووسیا و قەیرانی ئۆکراینا" لە شاری مۆسکۆ کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش کە لە کۆشکی کرملین بەڕێوەچوو و زیاتر لە پێنج کاتژمێری خایاند، هەردوو سەرۆک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
لای خۆیەوە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین باسی لەوە کرد کە ناتۆ پێشنیازەکانی رووسیای پشتگوێ خستووە بۆ تەشەنە نەکردنی ناتۆ بە ئاراستەی رۆژهەڵات و جێگیر نەکردنی چەک لە سنوورەکانی رووسیا، گوتیشی: "پێویستە ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە ناتۆ لە میانی ستراتیجییەتە سەربازییەکانی ٢٠١٩یدا بەئاشکرا رووسیای وەک دوژمن و هەڕەشەیەکی سەرەکی ئەمنی، وەسف کردبوو".
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەیش دا کە ئەگەر ئۆکراینا ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ئەوا لەنێوان رووسیا و ناتۆ جەنگ هەڵدەگیرسێت. باسی لەوەیش کرد کە وڵاتانی ئەورووپا بە فەڕەنساشەوە نیمچەدوورگەی کریمیا وەک بەشێک لە خاکی ئۆکراینا وەسف کردووە، بەڵام مۆسکۆ سوورە لەسەر ئەوەی کە کریمیا بەشێکە لە رووسیا.
ڤلادیمیر پوتین ئاماژەی بەوەیش دا کە ئیمانوێل ماکرۆن لە بارەی پرسی ئۆکراینا کۆمەڵێک تێڕوانینی ئەرێنی هەیە.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جەختی لەوەش کردەوە کە لەبارەی دڵنیایییە ئەمنییەکان، دانوستانیان لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ بەکۆتا نەهاتووە و گوتیشی: "لەبەرامبەر وەڵامەکانی ناتۆ و ئەمریکا دەربارەی پرسی دڵنیایییە ئەمنییەکان، سەرقاڵی ئامادەکردنی وەڵامێکین. وەڵامەکەش دەنێرینە واشنتۆن و بڕۆکسل".
لە بەرامبەریشدا سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوئێل ماکرۆن باسی لەوە کرد کە پێویستە لە پرسی دڵنیایییە ئەمنییەکاندا رووسیا و ئەورووپا پێکەوە کار بکەن و گوتی: "پێویستە پێکەوە ئامادەیی خۆمان بۆ بنیاتنانی سیستمێکی نوێی ئەمنی لە ئەورووپا و کارکردن لەسەر دڵنیایییە ئەمنییەکان، نیشان بدەین".
ئیمانوئێل ماکرۆن جەختی لەوەش کردەوە کە سەقامگیریی ناوچەکە پێویستی بە دروستکردنی میکانیزمی نوێ هەیە و گوتی: "پێویستە رووسیا و یەکێتیی ئەورووپا لە بارەی قەیرانی ئۆکراینا بگەنە چارەسەر و هەموو ئەو رێککەوتنانەش جێبەجێ بکرێن کە لەبارەی ئەو پرسەوە واژوو کراون".