Heman Hussein Yaseen Yaseen
21 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2019
هەولێر- AA
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا پەیامێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا بەگەرمی دەستخۆشی لە ھێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر و سەرجەم ھێزە ئەمنییەکانی دیکە دەکات کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانییان ئەنجامدەرێک و ھاوکارانی کردە تیرۆریستیییەکەی رێستورانتێکی ھەولێر بدۆزنەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند "بەگەرمی دەستخۆشی لە ھێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر و ھەموو ھێزە ئەمنییەکانی دیکە دەکەم کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانییان ئەنجامدەرێک و ھاوکارانی کردەوە تیرۆریستیییەکەی رێستورانتێکی ھەولێر بدۆزنەوە. بەداخەوە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی دیپلوماتکارێکی تورکیا و دوو ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان. ئەم سەرکەوتنە بەرھەمی دڵسۆزی و شەونخوونی ئەو ھێزانەیە کە بوونەتە پارێزەری ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا سوپاسی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانیش دەکەم کە بەردەوام پاڵپشت و ھاوکاری دەزگاکانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بوون".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-دا هاتووە "ھەرێمی کوردستان بە کۆششی ئەم رۆڵە دڵسۆزانە و بە ھاوکاریی ھاووڵاتییانمان ھەمیشە وەک پێگەیەکی ئارام و سەقامگیر دەمێنێتەوە".