Zana Natık Kerem
12 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە سەردانێک گەیشتە تاران پایتەختی ئێران کە چاوەڕوان دەکرێت لە میانیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسە گەورەکانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، مستەفا کازمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتووەتە تاران.
راشیگەیاندووە کە مستەفا کازمی بەرلەوەی بەرەو ئێران بەڕێ بکەوێت رایگەیاندبوو، ئامانج لە سەردانەکەی بۆ ئێران، پتەوتر کردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کردنەوەی ئاسۆی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە لە سەرجەم بوارەکاندا.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە مستەفا کازمی گوتوویەتی: "عێراق سەرکەوتوو بووە لەوەی رۆڵێکی میحوەری بیگێرێت لە ناوچەکە لە رێگای پتەوتر کردنی شەراکەتی ستراتیجیی لەسەر بنەمای پشتیوانیکردنی سەقامگیریی، ھاریکاریی و دۆستایەتی لەسەر بنچینەی ئاشتیی و گەشەپێدان".
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران بە مەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ لەوانە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسە گەورەکانی ئێران کۆدەبێتەوە.