Mümin Altaş
10 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2024
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لەم کاتە بەدواوە ڕێگە نادەین جارێکی دیکە سووریا دابەش ببێت. هەرگیز ڕازی نابین خاکی وڵاتەکە ببێتە شوێنی پێکدادانێکی نوێ".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆک لقەکانی ئاک پارتی لە پارێزگاکاندا کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە میانی گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە سووریا و دوا پەرەسەندنەکان لەو وڵاتە کرد و ڕایگەیاند: "باوەڕ و نزامان ئەوەیە سووریا لە پاش ٦١ ساڵ لە دیکتاتۆریی بەعس کە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوو بە تەواوی تاریک بوو، بە ڕۆژانی ڕووناکی گەیشتووە".
گوتیشی: "گەلی سووریا بە ڕووخاندنی سیستمێکی چەوساندنەوە کە دەیان ساڵ درێژەی کێشا، بەرگریی لە ئازادی و ماف و یاسا و ئایندەی کرد و تاجی سەرکەوتنی شکۆمەندی لەسەرنا".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەوەش کردەوە کە، "لەم کاتە بەدواوە ڕێگە نادەین جارێکی دیکە سووریا دابەش ببێت. هەرگیز ڕازی نابین خاکی وڵاتەکە ببێتە شوێنی پێکدادانێکی نوێ" و لەم بارەوە هەروەها گوتیشی، "پشتیوان بەخودا لە کورترین ماوەدا ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەی وەک داعش، پەکەکە/پەیەدە لە بەشەکانی دیکەی وڵاتەکە (لە سووریا) سەریان پان دەکرێتەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "هەر هێرشێک بۆ سەر سەقامگیری ئیدارەی سووریای نوێ و یەکپارچەیی خاکی سووریای دێرین، لەگەڵ گەلی سووریادا ئێمەش لە بەرامبەر خۆی دەبینێتەوە".
لەبارەی دۆخی پەنابەرانی سووریایی لە وڵاتەکەیدا، سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند: "ئەو پەنابەرە سوورییانەی لە وڵاتەکەماندان و ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕانەوە، هاوشێوەی ئەوەی لێرە(لە تورکیا) پشتیوانیان بووین، لەو شوێنانەشی بۆی دەچن پشتیوانیان دەبین. لەکاتێکدا ئاسانکاریی پێویست دەکرێت بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، سەلامەت و شەرەفمەندانە(ی پەنابەران بۆ سووریا) ڕێگە بە کارە تێکدەرانەکانی جەهەپە نادەین کە هۆکارەکەشی دەزانین".