Mehmet Akif Turan
18 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2023
تونس - AA
وەزیری دەرەوەی سووریا، فەیسەڵ میقداد لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوە فەرمییەکانیدا لە تونس، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، نەبیل عەممار کۆبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تونس، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ''وەزیری دەرەوەمان عەممار، لەنێوان رۆژانی ١٧-١٩ی نیسان، پێشوازی کرد لە وەزیری دەرەوەی سووریا میقداد کە سەردانی فەرمی بۆ وڵاتەکەمان ئەنجامداوە''.
- پێش ١١ ساڵ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سووریا پچڕاوە
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر توندوتیژییەکانی رژێمی ئەسەد بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینی گەلەکەی لە بەهاری عەرەبیدا، تونس ١١ ساڵ لەمەوبەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سووریادا پچڕاند.
سەرکۆماری پێشووی تونس، مونسیف مەرزوقی لە ساڵی ٢٠١٢دا بڕیاریدا بە دەرکردنی باڵیۆزی سووریا لە وڵاتەکەی.
تونس لە ساڵی ٢٠١٧دا نوێنەرایەتی سنوورداری دیپلۆماسی گەڕاندەوە بۆ سووریا و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨شدا گەشتی ئاسمانیی نێوان هەردوو وڵاتەکە دەستی پێ کردەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری تونس لە نۆی شوباتدا رایگەیاند کە سەرکۆمار، قەیس سەعید خوازیاری بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتییەکەیانە لە سووریا و لە چواری نیساندا رێنمایی دەرکرد بۆ دەستپێکردنی کاروباری دانانی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە سووریا.