ئەنقەرە – AA
ئەو جەنگەی رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین دژبە ئۆکراینا هەڵی گیرساندووە، سێ مانگە بەردەوامە.
دوای ئەوەی پوتین سەرلەبەیانی ٢٤ی شوبات لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆن رووی دەمی لە خەڵک کرد و "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتی لە دۆنباس رۆژهەڵاتی ئۆکراینا" راگەیاند، جەنگی رووسیا-ئۆکراینا دەستی پێ کرد.
یەکە سەربازییەکانی رووسیا هاوکات بەرەو ناوچەکانی دۆنتسک و لوهانسک ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی کیێڤ و ناوچە سنوورییەکانی ئۆکراینا بەڕێکەوتن و لە بێلارووس-یشەوە چوونە ناوچەی چێرنۆبیل و کیێڤ-یان گەمارۆ دا.
لە مانگی دووەمی جەنگەکەدا، سەربازانی رووسیا لە کیێڤ و چیرنیهیڤ کشانەوە و یەکەکانی ئۆکراینا ناوچەکانیان کۆنترۆڵ کردەوە و ئاساییبوونەوەی ژیان لەو ناوچانە لەژێر سایەی جەنگدا بەردەوامە.
رووسیا زوو زوو چەکی هەستیاری بەرزی دوورمەودا بۆسەر ئامانجە ستراتیجییەکانی ئۆکراینا بەکار دەهێنێت. لەم ماوەیەی دواییدا رووسیا ئەو بارهەڵگرانە دەکاتە ئامانج کە چەکی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا بۆ ئۆکراینا دەگوازنەوە و ئەمەیش وەک ئامانجێکی رەوا ناو دەبات.
- ماریۆپول کۆنترۆڵ کرا و خارکیف-یش بووەتە وێرانە
وێڕای بەرگری زۆری هێزەکانی ئۆکراینا، بەڵام دواتر یەکە سەربازییەکانی رووسیا توانیان شاری ماریوپۆل کۆنترۆڵ بکەن و لە خارکیڤ-یش بەرگری بەردەوامە و شارەکە بووەتە وێرانە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، دوو هەزار و ٤٣٩ جەنگاوەری ئۆکراینا کە لە کارگەی ئازۆڤستاڵ خۆیان حەشاردابوو چەکەکانیان داناوە و خۆیان رادەستی سەربازانی رووسیا کردووە، بەڵام ئۆکراینا لای خۆیەوە داکۆکی لەوە دەکات کە ئەو جەنگاوەرانە بە مەرجی گۆڕینەوەی دیل بە دیل خۆیان رادەست کردووە. بە دەستبەسەرداگرتنی ئەم کارگەیە، رووسیا بەتەواوی ماریۆپولی کۆنترۆڵ کرد.
- ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ لکاندنی خێرسۆن بە رووسیاوە
خێرسۆن یەکێکە لەو شارانەی لەلایەن سوپای رووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە و ناوچەیەک لەوێ داندراوە بۆ بەکارهێنانی روبلی رووسیی و ئاماژە بەوە دەدرێت کە تاکۆتایی ساڵ لە شارەکەدا، روبلی رووسیی بەتەواوی بەکار دەهێندرێت.
باس لەوە دەکرێت کە لە رێگای گشتپرسییەوە شارەکە بە رووسیاوە دەلکێندرێت، وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لەمبارەیەوە دەڵێت "گەلی ئۆکراینا بۆ خۆی چارەنووسی خۆی دیاریی دەکات".
- لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا هەست بە کاریگەرییەکانی جەنگ دەکرێت
لە نیسانەوە جەنگەکە بەرەو رۆژهەڵاتی ئۆکراینا رۆیشتووە و لەوێ بەچڕی هەست بە جەنگەکە دەکرێت. سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای رووسیا رایگەیاندووە کە پێشڕەوییەکانیان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا چڕ بووەتەوە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک ناوچەی نیشتەجێبووندا گرتووە.
چڕکردنەوەی هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ناوچەکانی دۆنتسک و لوهانسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی.
- لە باکووری ئۆکرایناشەوە هێرش کرایە سەر خاکی رووسیا
بە تایبەت لە چەند مانگی رابردوودا، هێرشەکان بۆسەر خاکی رووسیا لە سنوورەکانی باکووری ئۆکراینا کە سوپای رووسیا لەوێ کشاوەتەوە، زیادی کردووە.
لە كاتێكدا گوللـە هاوەنەكان و هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان بۆسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی سەر سنوورەكان جارجارە زیانی بە خەڵكی مەدەنی ناوچەكە گەیاندووە، هەندێك خاڵی ستراتیجییش كراونەتە ئامانج.
- پێکدادان لە دوورگەی مار
رووسیا هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی ئۆدێسا و میکۆلایڤ زیاتر کردووە. تا هەفتەی دووەمی مانگی ئایار، شەڕ و پێکدادانەکان لەسەر دوورگەی مار کە شوێنێکی ستراتیجیییە لە باشووری رۆژئاوای ئۆکراینا لە دەریای رەش زیاتر بووە. هەرچەندە سوپای ئۆکراینا هەوڵی گرتنەوەی ئەو دوورگەیەی دا کە هەر لە سەرەتای جەنگەوە لەژێر کۆنترۆڵی رووسەکاندا بوو، بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە بەیاننامەیەکدا لە ١٠ی ئایار، بانگەشەی ئەوەی کرد کە سوپای ئۆکراینا لە سێ رۆژی شەڕ و پێکدادانەکاندا چوار فڕۆکە، ١٠ هێلیکۆپتەر و ٣٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی (UAV) و سێ زرێپۆش و زیاتر لە ٥٠ سەربازی لەدەستداوە.
- بوونی نیگەرانییەکان لەبارەی ئەوەی رەنگە شەڕەکە بگوازرێتەوە ناو مۆڵدۆڤا
لێدوانەکانی رووسیا کە سەبارەت بە ناوچەی ترانسنیستریا لە مۆڵدۆڤا درابوون، نیگەرانییەکانی لەبارەی گواستنەوەی شەر بۆ ناو مۆڵدۆڤا زیاتر کرد.
جێگری فەرماندەی ناوچەی سەربازیی ناوەندی هێزە چەکدارەکانی رووسیا، روستەم مینێکایێڤ رایگەیاند "کۆنترۆڵکردنی باشووری ئۆکراینا هەلی رزگاربوونی دانیشتوانی بەڕەچەلەك رووسی لە ترانسنیستریا دەرەخسێنێت کە لەژێر جەوروستەمی ستەمکاران رزگاریان بێت". دەستەواژەی بەکارهێناوە.
دوای ماوەیەکی کەم لە راگەیەندراوە لە ٢٥ی نیساندا بە مووشەک هێرش کرایە سەر بینای "وەزارەتی ئاسایشی دەوڵەت" لە تیراسپۆڵ-ی بەناو پایتەختی ترانسیستریا.
پاشان لە پێنجی ئایاردا، هێرشێکی هاوشێوە لە دەورووبەری گوندی ڤۆرۆنکۆڤۆ روویدا. دوای دوو رۆژ راگەیەندرا کە چوار تەقینەوەی دیکە لە دەورووبەری هەمان گوند و بنکەی ئاسمانیی کۆن روویداوە. بەشێک لە خەڵکی مەدەنی ناوچەکەیان بەجێهێشت.
- تا ئێستا هیچ لێدوانێک لەبارەی ژمارەی کوژراوانی شەڕەکە نەدراوە
بە ئاماژەدان بەوەی کە لە مانگی یەکەمی شەڕەکەدا، هەزار و ٣٥١ کەس لە سەربازانی رووسیا گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٨٢٥ی دیکەش برینداربوون، دەسەڵاتدارانی سەربازیی رووسیا هیچ زانیارییەکی نوێیان لەسەر ئەم بابەتە ئاشکرا نەکردووە.
کاربەدەستانی رووسیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سوپای ئۆکرایناش لە کاتی جەنگدا، ٢٣ هەزار و ٣٦٧ سەربازی لەدەستداوە، هاوکات ئۆکراینا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە تا ئێستا ٢٩ هەزار و ٣٥٠ سەربازی رووسیا گیانیان لەدەستداوە.
نە بەرپرسانی ئۆکراینا و نە بەرپرسانی رووسیاش ئاماری وردیان سەبارەت بە قوربانییانی مەدەنی لە شەڕەکەدا نەخستووەتەڕوو.
- بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی پەنابەرانی ئۆکراینا لە شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس تێپەڕیوە
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لەنێوان ٢٤ی شوبات تا ٢٢ی ئایار، شەش ملیۆن و ٥٥٢ هەزار و ٩٧١ کەس لە ئۆکرایناوە بۆ وڵاتانی ناوچەکە کۆچیان کردووە، باس لەوەش دەکرێت کە زیاتر لە نیوەیان پەنایان بردووەتە بەر پۆڵەندا و وڵاتانی دراوسێ.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر شەش کەس یەکێکیان بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە ناوخۆ ئاوارە بووە، بەمەش کۆی گشتی ژمارەی ئەو کەسانەی ئاوارەبوون، حەوت ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس بووە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا لانیکەم سێ هەزار و ٣٨١ هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٦٨٠ی دیکەش لە شەڕەکەدا برینداربوون.
- هەڵپەساردنی دانوستانەکان لەبارەی ئاگربەست
لە کاتێکدا کە شەڕەکە بەردەوام بوو، شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا چوار جار دانوستانی رووبەڕوویان ئەنجامدا کە سێ لە دانوستانەکان لە بێلاڕووس و دانوستانێکیش لە تورکیا بەڕێوەچوو.
لە بێلاڕووس هەردوولا تەنیا دەیانتوانی لەسەر کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بۆ بۆ رزگارکردنی خەڵکی مەدەنی لە ناوچە جێناکۆکەکان رێکبکەون.
لە ئەنجامی هەوڵەکانی نێوەندگیری سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دانوستانکارانی ئۆکراینا لە ٢٩ی ئادار بنەماکانی رێککەوتنیان گەیاندە بەرپرسانی رووسیا.
راگەیەندرا کە گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ناوچەکانی کریمیا و دۆنباس کارا نابن و لە بەرامبەردا، ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئەندامێتی ئۆکرانیا لە یەکێتیی ئەورووپا ناکرێت.
بەرپرسانی ئۆکراینا لە ١٧ی ئایاردا، رایانگەیاند کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە دۆخی ئۆکراینا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە و دانوستانەکانیان لەگەڵ رووسیا هەڵپەساردووە.