Dildar Baykan Atalay
28 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2022
نیویۆرک – AA
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس داوای راگرتنی پێکدادانەکان و پەنابردنە بەر گفتوگۆ و دیالۆگ دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان لە لیبیا.
گوتەبێژی سکرتاریەتی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستیفان دوجاریک راگەیەندراوێکی لەبارەی پێکدادانەکانی دوێنێی لیبیاوە بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە "سکرتێری گشتی، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس بە نیگەرانییەوە چاودێری دوا پێکدادانەکانی تەرابلوس دەکات کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی (ژمارەیەک) هاووڵاتیی مەدەنی".
ستیفان دوجاریک بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس داوای راگرتنی پێکدادانەکان و راگەیاندنی ئاگربەست لە لایەنەکان دەکات، نووسیوویەتی "ئەنتۆنیۆ گوتیرێس داوا لە لایەنەکانی لیبیا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و ناکۆکییەکانیان پەنابەرنە بەر دیالۆگی راستەقینە. ئەنتۆنیۆ گوتیرێس هەروەها داوا لە لایەنەکان دەکات خۆیان ببوێرن لە هەر جۆرە هەنگاوێک کە دەبێتە هۆی تەشەنەسەندی گرژییەکان و ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنییش بپارێزن".
ناوبراو پشتیوانی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی دەبڕی بۆ لایەنەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانیان.
وەزارەتی تەندروستیی لیبیا رایگەیاندووە کە لە ئاکامی پێکدادانەکەی بەیانیی دوێنێ لەنێوان دوو گرووپی چەکدار لە رۆژئاوای تەرابلوس، ٢٣ کەس کوژراون و ١٤٠ی دیکەیش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکی دیکەدا نووسیوویەتی "لە بەرەبەیانەوە نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستییەکانی تەرابلوس بە ئامانج گیراون و بۆردومان کراون".
حکوومەتی تەبایی نیشتمانیی لە لیبیا کاردانەوەی خۆی نیشان دابوو بەرامبەر ئەم پێکدادانانە.
بەیانیی دوێنێ پێکدادانەکان لەنێوان "لیوای ٧٧٧"ی سەربە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای لیبیا کە بەوە ناسراوە لە فەتحی باشئاغاوە نزیکە کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران لە تۆبروک وەک سەرۆکوەزیران دەستنیشان کراوە، لەگەڵ "یەکێتیی پشتیوانیی سەقامگیریی" سەربە ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لیبیا لە ناوچەکانی بین گاشیر و سرێم دەستیان پێ کرد و دواتر تەشەنەیان سەند بۆ شەقامی کۆماریی و ناوچەکانی سەنتەری شارەکە.