Zana Natık Kerem
22 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2019
ئیدلب ــAA
لە ئاکامی بۆردومانکردنی سوپای رژێمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکانی سەربە ئێران بۆ ژمارەیەک شار و شارۆچکە لە سنووری ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە باکووری سووریا، ٢١ مەدەنی کوژران.
ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەکانی بەرگریی شارستانیی مەدەنی زانیاری دەستکەوتووە کە بەچڕی شاری مەعرەت نوعمان و شارۆچکەی مەعرە حورمە سەربە پارێزگای ئیدلب بۆردومانکراون.
بە گوتەی سەرچاوەکان لە ئاکامی بۆردومانەکەدا، ١١ مەدەنی لە شاری مەعرەت نوعمان و مەدەنییەکی دیکە لە شارۆچکەی مەعرە حورمە کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە خۆجییەکان دەستیکەوتووە، چەند شارو شارۆچکەیەکی دیکە لە ھەردوو پارێزگای ئیدلب و حەما بۆردومانکراون، بەڵام ھێشتا زیانە گیانییەکان نەزاندراوە.
ئاماژە بەوەدەکرێت کە بەم دواییانە ھێرشی ھێزەکانی بەشار ئەسەد لەگەڵ ئەو گرووپە تیرۆریستانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بۆسەر ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان زیادی کردووە.
ناوچەکانی دەورووبەری پارێزگاکانی ئیدلب و حەما لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە نێوان تورکیا، رووسیا و ئێران لە ئاستانا واژوو کرابوو، دەکەونە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان.
لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٨دا، ھەریەک لە تورکیا و رووسیا لە سوچی رێککەوتنێکیان بە ئامانجی ئاگربەست لە ئیدلب واژووکرد کە بەپێی رێککەوتنەکە، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن سەرجەم چەکە قورسەکانیان لە ناوچەکەدا کشاندەوە.