Zana Natık Kerem
02 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2017
سووریا ــ AA
تۆڕی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند كە مانگە ئەیلوولی رابردوو لە میانی شەڕ و پێكدادانەكان لە سووریا، ٩١٢ مەدەنی كوژراون كە لەو ژمارەیە نیوەیان لەسەر دەستی هێزەكانی رژێم بووە، هەروەها ژمارەی ئەو مەدەنییانەی كە لە سەرەتا ئەمساڵەوە لەو وڵاتە كوژراون گەیشتووەتە، هەشت هەزار و ١١٥ كەس.
لە راپۆرتێكدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، تۆڕی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە داوە كە لە میانی مانگی رابردوودا، ٤٩٨ مەدەنی لە لایەن هێزەكانی رژێمی سووریا كوژراون كە ١٠١یان منداڵان و ٨٣ی دیكەی ئافرەتن، هەروەها ٣٣ی دیكە بە هۆی ئەشكەنجەدانەوە گیانیان لەدەستداوە كە لە نێویاندا دوو ئافرەت هەیە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە هەر لە میانی مانگی رابردوودا، ٢٠٧ مەدەنی لەلایەن هێزەكانی رووسیاوە كوژراون كە لە نێویاندا ٤٥ منداڵ و ٣١ ئافرەت هەیە.
هەر لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە هەر لە میانی مانگی رابردوودا، مەدەنی لەسەر دەستی پەیەدە لە سووریا كوژراون كە لە نێویاندا سێ منداڵ و دوو ئافرەت هەیە.
بە پێی راپۆرتەكە، ژمارەی ئەو مەدەنییانەی كە لەسەر دەستی رێكخراوە توندڕەوەكان كوژراون، ٤٤ مەدەنیین كە ٤٠یان لەسەر دەستی داعش كوژراون و لە نێویاندا شەش منداڵ و ئافرەتێك هەیە، چوارەكەی دیكە لەلایەن دەستەی تەحریر شام كوژراون كە یەكێكیان بە ئەشكەنجە گیانی لەدەستداوە.
لە راپۆرتەكەدا روونكراوەتەوە كە لە میانی مانگی رابردوودا حەوت مەدەنی لە لایەن گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە كوژراون كە لە نێویاندا، منداڵێك و دوو ئافرەت هەیە.
لە راپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە ژمارەی ئەو مەدەنییانەی كە مانگی رابردوو لە لایەن هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە سووریا كوژراون، گەیشتووەتە ١٠٣ كەس كە ٢٩یان منداڵن و ٢١ی دیكەیان ئافرەتن.
لە راپۆرتەكەدا كوژرانی ٤١ مەدەنی بە بەڵگەكراوە كە لەنێویاندا، ١٥ منداڵ و چوار ئافرەت هەیە و ئەوانە یان بە هۆی نقوومبوونی بەڵەم یان رووداوی تەقیینەوە كوژراون.
لە راپۆرتەكەدا، تۆڕی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردووە كە فشار بخەنە سەر حكوومەتی سووریا بۆ ئەوەی بۆردومانە هەڕەمەكییەكان بۆ سەر خەڵكی مەدەنی لە سووریا رابگرێت.