Muhammet Kurşun
08 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2021
تاران-AA
سه‌ركۆماری ئێران، ئیبراهیم ره‌ئیسی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی دانوستانه ئه‌تۆمییه‌كان له ڤیه‌ننا، ژماره‌یه‌ک ناوه‌ند له ده‌ره‌وه و ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی، هه‌وڵی به‌رز كردنه‌وه‌ی نرخی دراوی بیانی له ئێران ده‌ده‌ن و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، ئابووریی به دانوستانه‌كانه‌وه نابه‌ستنه‌وه.
ئیبراهیم ره‌ئیسی له میانی به‌شدارییكردن له رێوره‌سمێک له زانكۆی ته‌كنه‌لۆجی شه‌ریف له تاران، گوتارێی پێشكه‌ش كرد و له‌باره‌ی دانوستانی ئه‌تۆمی و ئابووریی ئێران دوا.
ره‌ئیسی باسی له‌وه‌كرد له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی دانوستانه ئه‌تۆمییه‌كان له ڤیه‌ننا، ژماره‌یه‌ک ناوه‌ند له ده‌ره‌وه و ناوخۆی ئێران، هه‌وڵی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دراوی بیانی له وڵاته‌كه ده‌ده‌ن و رایگه‌یاند: "ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دراوی بیانیی ده‌ده‌ن، ده‌یانه‌وێت دانوستانه‌كان به ئابوورییه‌وه گرێبده‌ن و ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بیسه‌پێنن. له‌وباره‌یەوه خاوه‌نی زانیاریی روونین و یه‌كه‌كانی هه‌واڵگریی سه‌رگه‌رمی ده‌ستنیشان كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ن".
سه‌ركۆماری ئێران باسی له‌وه‌شكرد، یه‌ده‌گی دراو له ئێران "له دۆخێكی باشدایه" و رایگه‌یاند: "ئه‌وه‌مان سه‌لماند كه سه‌ره‌ڕای سزاكان، ده‌توانین نه‌وت و گازی سرووشتیی زۆرتر له رابردوو، هه‌نارده بكه‌ین. به دڵنیاییه‌وه ئابووریی به دانوستانه ئه‌تۆمییه‌كانه‌وه نابه‌ستینه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئایندهی وڵات به ره‌شی نیشان بده‌ن، ئێمه گه‌شبینین".