سلێمانی
دوای داواکارییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دەست لەکارکێشانەوەی پارێزگاری ئێستای سلێمانی و دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێ، شەڕێکی ڕاگەیاندنی توند لەنێوان ھەردوولا (یەکێتی و گۆڕان) سەری ھەڵدا، دوای ئەو گرژیانەو بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک، دووشەمەی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی نھێنی لەنێوان ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا و جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانی کۆسرەت ڕەسول و بەرھەم ئەحمەد ساڵح لەشاری سلێمانی بەڕێوە چوو.
دوای ئەو کۆبوونەوەیەوە ڕاگەیەندرا ھەردوولا لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی دیاری بکەن کە ڕەزامەندیی ھەردوولای لەسەر بێت.
پارێزگاری سلێمانی بەھرۆز محەمەد ساڵح دوای ئەو کۆبوونەوەیە لەلێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ئامادەیی دەست لەکارکێشانەوەی پیشاندا.
پێشتر فراکسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای لەپارێزگاری سلێمانی کردبوو تا ڕۆژی ٢١/١١ دەست لەکاربکێشێتەوە، بەپێچەوانەوە لەناو ئەنجومەندا پارێزگاری نوێ دەستنیشان دەکەن.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کاوە عەبدوڵا لەبارەی ئەو پرسەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەدوای ئەو بەروارەوە ھەمو لیستەکانی ناو ئەنجومەن کۆدەبینەوە و گفتوگۆ ڕەسمییەکان لەبارەی میکانیزمی دانانی پارێزگاری نوێ دەست پێدەکەین."
کاوە عەبدوڵا کە ھەڵسوڕاوێکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانە دەڵێ: "دەبێت تەوافوقی سیاسی چارەسەری کێشەکان بکات، چونکە بەشێک لە بەرپرسەکان ئەگەر بەداوای حزب نەبێ ئامادە نین دەست لەکاربکێشنەوە، لەئێستاشدا گفتوگۆ لەنێوان ھەردوولایەنی یەکێتی و گۆڕان ھەیە بۆ چارەسەری ئەو بابەتە."
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شۆڕش ئیسماعیل ئاگاداری کۆبوونەوەکانی نێوان حزبەکەی و گۆڕان نییە، بەڵام لە لێدوانێکیدا بۆ AA باس لەوە دەکات: "نیەتێک ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لەڕێگەی دیالۆگ و دورکەوتنەوە لە ھەرجۆرە گرژییەک."
مامۆستایەکی زانکۆ لەبارەی داواکارییەکەی گۆڕانەوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی گوتی: "لە ماوەی سێ ھەڵبژاردنی ڕابردودا لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەگشتی و گۆڕان بەتایبەتی باڵادەستی خۆیان لەم شارەدا سەپاندووە، بۆیە مافێکی یاسایی و سروشتی و ئاساییە داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانی بکەن."
ئەحمەد میرە مامۆستای زانکۆ و سەرنووسەری گۆڤاری لڤین کە لە دیارترین گۆڤاری سیاسی و شیکاری ھەرێمی کوردستانە و تائێستای ٢٥٠ ژمارەی لێدەرچووە، لەلێدوانێکیدا بۆ AA ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی کێشەکەو داواکەی ئەم دواییەی گۆڕان دەگێڕێتەوە: "ئەوەی گۆڕانی توڕە کردو ئەو کاردانەوەیەی کرد ئەو دەنگۆیانە بوو کە باسیان لە ڕێکەوتنی پ د ک لەگەڵ ی ن ک دەکرد بۆ پەراوێزخستنی گۆڕان لەکابینەی نوێی حکومەتدا."
میرە دەڵێ: "گۆڕان دەیەوێ سەرەتا ئەزمونی خۆی لە سلێمانی تاقی بکاتەوە "سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان پێش وەرگرتنی حکومەت سیاسەتی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانییە، لە ئەجێندای سیاسی ئەو بزووتنەوەیەدا پۆستی پارێزگار لەپۆستی سەرۆکی حکومەت و پۆستە وەزارییەکان گرنگترە، چونکە دەزانن ئەگەر بەشداری حکومەتیش بکەن ناتوانن بەرنامە سیاسییەکانییان لەئامادەگی پارتیدا جێبەجێ بکەن."
سەرنوسەری گۆڤاری لڤین خاڵە بەھێزەکانی ئەو پۆستە بۆ گۆڕان روون دەکاتەوە:
-بەھێزە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئێران دەڵێ کە ئەو ھێزی یەکەمی پارێزگاکەیە.
ـ پەیوەستە بەپۆستی سەرکۆماری عێراقەوە، کە ئەگەر پۆستی پارێزگار لەبن دەستی یەکێتی دەرھێنا، ڕاستەوخۆ ئەو پۆستەش بەدەست دێنێ و یەکێتی لە ھیچ ناوچەیەکی کوردستان باڵادەست نابێت.
ـ کاریگەری لەسەر ڕێکەوتنامەی ستراتیجی یەکێتی و پارتی دەبێت، دواتر پارتی حساباتی سیاسی خۆی لەگەڵ ھێزێک ناکات کە ھیچ ناوچەیەکی ئیداری لەژێر دەست نەبێت.
میرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دۆخی ئێستای ناوخۆی یەکێتی لەوەدایە ئەو پۆستە لەدەست بدات، لەھەمان کاتدا جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە سلێمانی بەھیچ ھێزێک بەتەنھا بەڕێوە نابرێت، بەڵکو پێویستی بەئیدارەیەکی ھاوبەشی بەھێز ھەیە کەگۆڕان لە لوتکەیدا بێت و لایەنەکانی تریش بەشداربن، بەپێچەوانەوە کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا لیستی ١٠٩ی یەکێتی لەکۆی ٤١ کورسی ٢٨ کورسی بەدەست ھێناو سەرۆکی لیستەکە دانا ئەحمەد مەجید وەک پارێزگاری سلێمانی دەستنیشان کرا.
لەساڵی ٢٠٠٩ و دوای جیابونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکێتیی نیشتمانی، نیوەی ئەندامانی ئەو لیستە بەپارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنیشەوە چوونە نێو گۆڕان، ئەوەش ناکۆکی لەنێوان ھەردوولا دروست کرد، کە دواتر پارێزگاری سلێمانی دەستی لەکارکێشایەوەو یەکێتی لەدەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا پارێزگارێکی نوێی دانا