Dlshad Saifaalddin Ahmed
14 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2018
سلێمانی ـ AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، كۆنسولی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستان، هاكان کاراچاى سەردانی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆسرەت رەسول عەلی كرد بۆ لە نزیكەوە ئاگادار بوون لە رەوشی تەندروستی.
بە گوێرەی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هاتووە، لە دیدارەكەدا كۆنسولی گشتی توركیا خۆشحاڵی نیشانداوە بە گەڕانەوەی كۆسرەت رەسول بۆ هەرێمی كوردستان و جێگیربوونی باری تەندروستی، هەروەها باسی لە رۆڵ و كاریگەری ناوبراو لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان كردووە.
لە لای خۆیەوە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، سوپاسی كۆنسولی توركیای كرد و جەختی لە گرنگی رۆڵ و پێگەی توركیا لە ناوچەكە كردەوە و هیوای خواست توركیا رۆڵی ئەرێنی ببینێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
بە گوێرەی راگەیەنراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا بە وردی گفتوگۆیان كردووە لە بارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و جەختیان لە پرەنسیپی گفتوگۆ لەچوارچێوەی دەستوور كردەوە.