Dlshad Saifaalddin Ahmed
04 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2017
شاندەکەی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە لەلایەن سكرتێری گشتی حزبەكە محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆكایەتی دەكرا و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە یاوەری بوون، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە شاری سلێمانی-یان كرد و لەلایەن بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی مەلا بەختیار و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزبەكەوە پێشوازی كران و هەردوولا كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.
ئەندامێكی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و یەکێک لەبەشداربووانی كۆبونەوەكە، رزگارغەفور لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی حزبەکەی و یەکێتی نیشتمانی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "كۆبوونەوەی هەردوولا بۆ گفتوگۆكردن بوو لەسەر كۆمەڵێک بابەت، لەوانەش دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان و ئاشتی و پێكەوە ژیانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و خۆ ئامادەكردن بۆ قۆناغەكانی داهاتوو".
رزگارغەفور گوتیشی: "لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردولا بەرەوپێشبردنی زیاتری كرا، هەروەها باس لە هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان كرا".
ئەو سەردانەی شاندی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە كاتێكدایە بڕیارە ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەكی دیکە لە نێوان مەکتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام بدرێت، پێش ئەو كۆبوونەوەیە یەكێتی نیشتمانی سەرقاڵی ئامادەكاری و گفتوگۆ وكۆبوونەوەیە لەگەڵ لایەنەكانی و پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش بۆ هەمان مەبەست پێشوازی لە شاندێکی باڵای حزبی شیوعی كوردستان دەكات.