Ekip
28 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا بووەتە گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستیی لە جیهاندا و، رایگەیاند: "جیهان دەتوانێت و پێویستە تیرۆری رووسیا رابگرێت".
لە راگەیەندراوێکدا کە لە رێگەی کەناڵی تیلیگرامەوە بڵاویکردەوە، زێلێنسکی باسی لە هێرشەکانی رووسیا کرد بۆ سەر کریمینچوک و خارکیڤ.
زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە هێزەکانی رووسیا بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندێکی بازرگانیی لە شاری کریمینچوک کە دەکەوێتە ناوچەی پۆلتاڤا و، رایگەیاند: ''ئەوە جگە لە تیرۆر هیچی دیکە نییە. ئەو تیرۆریستە بێ مێشکانەی کە بە دڵنیاییەوە نابێت لەسەر زەوی شوێنیان هەبێت بە مووشەک هێرش دەکەنە سەر ئەو جۆرە شوێنانە. ئەوە هێرشێکی مووشەکی نییە بە هەڵە ئەنجامدرابێت، بەڵکو هێرشێکی رووسیایە بۆ سەر ناوەندێی بازرگانیی کە بەباشی حساباتی بۆ کراوە''.
سەرۆکی ئۆکراینا زێلێنسکی، باسی لەوەیش کرد کە سوپای رووسیا هێرشی کردووەتە سەر شاری خارکیڤ و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و، زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکە برینداربوون کە برینی پێنج کەسیان سەختە.
زێلێنسکی ئەوەشی خستەڕوو کە رووسیا نزیکەی دوو هەزار و ٨٠٠ مووشەکی ئاڕاستەی خاکی ئۆکراینا کردووە.
گوتیشی: "رووسیا بووەتە گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستیی جیهان. ئەوە راستییەکە و پێویستە لایەنی یاسایی هەبێت. لە جیهاندا هەموو کەسێک دەبێت بزانێت کە کڕین و گواستنەوەی نەوتی رووسیا، کارکردن لەگەڵ بانکە رووسیەکاندا، پێدانی باج و رسومات بە دەوڵەتی رووسیا بە واتای پێدانی پارە دێت بە تیرۆریستان. جیهان دەتوانێت و پێویستە تیرۆری رووسیا رابگرێت".
ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکەی سەر ناوەندە بازرگانییەکەی شاری کریمینچوک گیانیان لەدەستدا گەیشتووەتە ١٦ کەس.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن خزمەتگوزاری دۆخی لەناکاوی ئۆکرایناوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە؛ "کارەکانی هەڵگرتنەوەی داروپەردوە رووخاوەکان درێژەی هەیە. ١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە. ٥٩ کەس برینداربوون کە ٢٥یان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە".