Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
27 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2017
نیویۆرک- AA
زانای سیاسیی ئەمریکی بەرەگەز پۆڵەندی و شارەزای ستراتیژیی، زبیگنیو کازیمیەرز برزێزینسکی، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
میکا برزێزینسکی، کچی زبیگنیو کازیمیەرز برزێزینسکی، لە هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەواڵی کۆچی دوایی باوکی راگەیاند.
زبیگنیو کازیمیەرز برزێزینسکی بەرەگەز پۆڵەندی لەساڵی ١٩٥٨دا بووە هاووڵاتیی ئەمریکی و لەساڵی ١٩٥٩دا چووە نیویۆرک و لە زانکۆی کۆڵۆمبیا دەستی بە وانە گوتنەوە کرد. ئەو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا لە ساڵی ١٩٦٠دا، راوێژکاری کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی، جۆن ئێف کەنەدی بوو.
برزێزینسکی لەساڵی ١٩٧٥دا بووە راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، جیمی کارتەر و لەنێوان ساڵانی ١٩٧٧-١٩٨١دا پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کارتەری وەرگرت. لەساڵی ١٩٨١یشدا لەلایەن جیمی کارتەرەوە ''مەدالیای ئازادیی سەرۆکایەتیی'' پێبەخشرا.
ئەو زانا سیاسییە بووە یارمەتیدەری هەڵگرتنی رێگرییە ئابوورییەکانی نێوان هەریەک لە یەکێتیی سۆڤیەت، چین و رۆژئاوا، رەواندنەوەی جیاوازیی نێوان سەرکۆماری ئەوکاتی میسر، ئەنوەر سادات و سەرۆکی ئیسرائیل میناشیم بگین و رۆڵی گەورەی بینی لە بەدیهێنانی رێککەوتننامەی کامپ دەیڤد کە کارتەر میوانداریی کرد.
برزێزینسکی یەکێکە لەو کەسانەی کە گەورەترین رەخنەی لە سیاسەتەکانی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بوش گرتووە کە لەدوای هێرشەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ بۆ سەر بیناکانی بازرگانیی جیهانی لە شاری نیو یۆرک پەیڕەوی دەکرد و لە ئابی ٢٠٠٧ دا پشتگیری لە کاندیدبوونی باراک ئۆباما بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکرد.
برزێزینسکی وەک بیرمەندێکی سیاسی گرنگ کە نوێنەرایەتی "ریالیستەکان" دەکات، ناسراوە و دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت، باسی لە رۆڵی ئەمریکا دەکرد لە دوای جەنگی سارد.