Rewa Mahmut Hasan
23 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2016
شەڕو پێکدادانەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و پەیەدە لە شاری حەسەکە کۆتایی پێهات.
ئاژانسی فەرمی سووریا ناسراو بە سانا و تەلەفزیۆنی رەسمی ئەو وڵاتە بڵاویان کردەوە کە شەڕو پێکدادانەکانی نێوان سوپا و ئەو رێکخراوە چەکدارییە لە سەعات ٢ ی پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ وەستاوە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە هەواڵی ئەو دەزگا راگەیاندنانەی سەر بە رژێمی ئەسەددا، دەستەواژەی پەکەکە لەبری پەیەدە بەکارهاتووە و ئاماژە بە وردەکاری رێککەوتنەکە نەکراوە.
لەلایەکی ترەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نزیک لە پەیەدەوە ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی رێککەوتنەکە تەواوی سەربازانی رژێم لە شارەکە چوونەتە دەرەوە و کۆنترۆڵی شارەکە بەتەواوی کەوتۆتە دەست پەیەدەو لەناو مەڵبەندی شارەکەشدا هێزی پۆلیسی مەدەنی ئاسایشی ناوچەکە دەپارێزێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هێزەکانی پەیەدە لە ناوەندی حەسەکەدا هەریەک لە گەڕەکەکانی نیشوا و زوهوری سەر بە ناوچەی گوڤەیرایان کۆنترۆڵ کردبوو، هاوکات تەواوی دەزگاکانی ئیدارەی کۆچ، بەندیخانە، بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی ناوچەکەیان لەژێر رکێفی رژێمی ئەسەد هێناوەتە دەرەوە.
هەفتەی پێشوو رژێمی ئەسەد بۆردومانی گەڕەکەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەیەدەی کردبوو لە شارەکەداو هێزەکانی پەیەدەش بە هاوەن وەڵامی هێرشەکانیان دابوویەوە و بووە هۆی پێکدادانی نێوان دوو لایەن.