Zana Natık Kerem
26 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2018
سیئۆل ــ AA
راگەیانرا كە كۆریای باشوور و کۆریای باكوور لەسەر هاوكاریكردن بە ئامانجی چەسپاندنی ئاشتی لە نیمچە دوورگەی كۆریا، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پتەوتركردنی هاوكاریكردن لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێككەوتوون.
ئەمە لە میانی كۆبوونەوەیەكدا هاتووە كە ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری سیئۆل لە نێوان راوێژكاری ئاسایشی نیشمانی لە نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆریای باشوور، جۆنگ وی یۆنگ و سەرۆكی لیژنەی ناوەندی پارتی كرێكارانی كۆریای باكوور، جیم یۆنگ چۆل سازکراوە.
لە بەیاننامەیەكی كۆشكی كۆماری كۆریای باشوور كە ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ بڵاوی كردووەتەوە ئاماژە بەوەدراوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی پیونگچانگ، دەرفەتی بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتی هەمیشەیی و چەسپاندنی لە نیمچە دوورگەی كۆریا، هەروەها ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات رەخساندووە.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەش داوە لە كۆبوونەوەكەدا، چۆنیەتی سازكردنی گفتوگۆ لە نێوان كۆریای باكوور و ئەمریكا و لووتكەی نێوان هەردوو كۆریا تاوتوێكراوە.
دوێنێ یەكشەممە شاندێكی كۆریای باكوور بەمەبەستی بەشداریكردن لە رێوڕەسمی كۆتایی یارییەكانی ئۆلۆمپیادی زستانە گەیشتە كۆریای باشوور رایانگەیاندبوو كە وڵاتەكەیان ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ساز بكات.
لای خۆیەوە كۆشكی سپی رایگەیاندبوو كە جددیبوونی كۆریای باكوور لە سازكردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا وەك هەنگاوی یەكەم بە ئاراستەی داماڵینی چەكی ئەتۆمی لە نیمچە دوورگەی كۆریا، تاوتوێ دەكات.