Heman Hussein Yaseen
11 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2021
ههولێر - AA
رۆژی چوارشەممە ١٤ی نیسان، جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکانە و بەم بۆنەیەوە پشووی فەرمییە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
رۆژی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییان بە چوارشەممە سوور یان چارشەمبا سۆر ناسراوە و بەم بۆنەیەوە لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەم رۆژە کراوەتە پشووی فەرمیی لە دامودەزگا فەرمییەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خەیری بوزانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''بەپێی ساڵنامەی رۆژھەڵاتی لەدوای ١٣ی مانگەوە یەکەم چوارشەممە جەژنی سەری ساڵە، ھەر بۆیە رۆژی ١٤ی نیسان دەکەوێتە رۆژی چوارشەممە و بەم بۆنەیەوەش لە دامودەزگاکانی حکوومەت پشووی فەرمییە، بەڵام بەھۆی رێکارە تەندروستییەکان ھیچ بۆنە و رێوڕەسمێک بەڕێوەناچێت''.
جەژنی سەری ساڵی ئێزدی (چوارشەممە سوور)، یەکێکە لە جەژنە دیارەکان، ھەموو ساڵێک لە مانگی نیسان دەکرێت. ئەم جەژنە لە ماڵان و پەرستگەی لالش بە چەندین رێورەسم بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی رێکارە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھیچ رێورەسمێک بەڕێوەناچێت.
لای کوردی ئێزدی یەکەم چوارشەممەی ھەموو ساڵێک لە مانگی نیسان لە رۆژمێری ئێزدیایەتی چارشەمبا سۆرە، بۆ ئەو مەبەستە کوردی ئێزدی لە سەرتاسەری دونیا دەگەڕێنەوە پەرستگەی لالش، ھەموو ساڵێک لە پەرستگەی لالش رێوڕەسم بەڕێوەدەچێت و لە دوا نیوەڕۆی ھەمان رۆژدا گەنجانی ئێزدی روو لە قەدپاڵی چیاکانی چواردەوری پەرستگەکە دەکەن و گوڵی جۆراوجۆری وەرزی بەھارە لە سروشت دەکەنەوە و لەبەر دەرگا بچووکەکانی پەرستگەی لالش دایدەنێن.
لەم رۆژەدا، ٣٦٥ خزمەتکاری پەرستگەکە لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی چارشەمبا سۆر خۆبەخشانە ھەڵدەستن بە ھەڵکردنی ٣٦٥ چرا وەک سیمبوڵی رۆژەکانی ساڵ لەنێو پەرستگەی لالش و قەدپاڵی چیاکانی چوار دەوری پەرستگەکە.
"ئاوی زمزم" یەکێک لەو کانییە ئاوانەی پەرستگای لالشە کە دەکەوێتە ئەشکەوتێک لە پێنج کانیاو پێکدێت و کوردی ئێزدی گرووپ گرووپ پیاوان بە جیا و ئافرەتان بە جیا لە کانیاوەکەدا دەستیان دەشۆن و سەر و دەموچاویان بە ئاوەکە تەڕ دەکەن، وەک خۆیان دەڵێن بۆ پاکبوونەوەیە لەو گوناھانەی لە ماوەی رابردوو کردوویانە.
لەم جەژنەدا ھەموو ماڵێکی ئێزدی ٥٠ تا٢٠٠ ھێڵکە دەکوڵێنن و دواتر بە رەنگی جیاواز رەنگی دەکەن وەک ئاماژەیەک بۆ سەرەتای دروستبوونی زەوی و بە ھەموو رەنگەیەوە، ھەر بۆیە ھێلکەکان بە رەنگەکانی سروشتی بەھار رەنگ دەکرێن، خێزانە ئێزدیەکان لەم جەژنەدا دوای تەواوبوونی رێوەڕەسمەکان ھێڵکەکان دەگوازنەوە بۆسەر گۆڕی مردووەکانیان ھەندێکیش وەک چاکەیەک بە ھەژارانی دەدەن.
ئەمساڵ بەھۆی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ھیچ رێوڕەسمێک لە لالش بەڕێوەناچێت.