Esra Taşkın
07 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2022
پاریس - AA
رۆژنامەنووسانی بێسنوور (RSF)، بەھۆی بۆردومانکردنی تاوەرەکانی تەلەڤزیۆن و رادیۆ، لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سکاڵایان لەسەر رووسیا تۆمارکرد.
لەو راگەیەندراوەی کە لە رێکخراوەکەوە بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ھێزەکانی رووسیا لە ١ی ئادارەوە بۆ ئێستا چوار تاوەری رادیۆ-تەلەڤزیۆنی لە کیێڤ-ی پایتەختی ئۆکراینا و شارەکانی کۆرۆستەن، لیسیچانسک و خارکێڤ کردووەتە ئامانج و رێگریان لە پەخشکردنی مێدیای ئۆکراینی کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە کردنە ئامانجی تاوەرەکان، کاریگەری لەسەر پەخشی لانیکەم ٣٢ کەناڵی تەلەڤزیۆنی و چەندین رادیۆ کردووە و ئەوە خراوەتەڕوو کە بەھۆی ئەوەی ئەم ھێرشانە لەلایەن رۆژنامەنووسانی بێسنوورەوە بە تاوانی جەنگ دادەنرێـت، ئەوە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سکاڵایەکیان لەسەر رووسیا تۆمار کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو تاوەرانە تەنھا بۆ مەبەستی مەدەنی بەکارھێنراوە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئامانجێکی سەربازییان پێکنەھێناوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوە وەبیرھێنراوەتەوە کە لەکاتی کردنە ئامانجی تاوەری تەلەڤزیۆنیی کیێڤ، باڵەخانەی تەکنیکی کۆتایی تاوەرەکەش خاپوور کراوە و بووەتە ھۆکاری گیانلەدەستدانی پێنج کەس کە یەکێکیان کامێرامان بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا، زانیاری ئەوەش بڵاوکراوەتەوە کە لەلایەکی دیکەوە ھێزەکانی رووسیا رێگرییان لە پەخشی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئۆکراینا لە تاوەرەکانی پەیوەندیکردن لە شارەکانی مێلیتۆپۆڵ و خێرسۆن لە باشووری وڵاتەکە کردووە و کەرەستەکانیان گۆڕیوە و ئێستا لە تاوەرەکەوە پەخشی "کەناڵی بانگەشەی رووسیا ٢٤ی سەر بە کریمیلن" دەکرێت.