Çağrı Koşak
07 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2022
یەمەن – AA
خانمە ئەکتەری ئەمریکی و باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجلینا جۆلی بە مەبەستی سەرنج راکێشان بۆ "لێکەوتە کارەساتبارەکانی" شەڕی ناوخۆیی یەمەن، گەیشتە عەدەن.
لەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لە یەمەن بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوە کراوە کە ئەنجلینا جۆلی گەیشتووەتە وڵاتەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە جۆلی، ھیوا دەخوازێت کە لە میانی سەردانەکەیدا بتوانێت سەرنج بۆسەر ئەنجامە کارەساتبارەکانی زیاتر لە حەوت ساڵ پێکدادان لە وڵاتەکە رابکێشێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە:
"جۆلی، بۆ ئەوەی لە نەھامەتییەکانیان تێبگات، چاوی بەو خێزانە یەمەنییانە دەکەوێت کە ئاوارە و دەربەدەربوون".
ھاوکات، لە ھەژماری ئەنجلینا جۆلی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام بڵاوکراوەتەوە:
"جۆلی، گەیشتووەتە عەدەن و چاوی بەو خێزانانە دەکەوێت کە ئاوارەبوون. پاڵپشتیی بۆ گەڵی یەمەن نیشاندەدات. لە کاتێکدا بەردەوامین لە بینینی دیمەنی کارەساتباری ئۆکراینا، داوا دەکەین دەستبەجێ پێکدادانەکان تەواو بێت و رێگە بۆ گەیشتنی ھاوکارییە مرۆییەکان بکرێـتەوە".
- دۆخی یەمەن
لە یەمەن، کە ماوەیەکی دوورودرێژە ناسەقامگیریی سیاسی دەستی بەسەردا کێشاوە، پێکدادان لە نێوان حوسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە و ھێزەکانی سەر بە حکوومەت روودەدات.
حوسییەکان، لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤وە سەنعای پایتەخت و چەند ناوەچەیەکی کۆنتڕۆڵ کردووە. ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی، بە رابەرایەتی سعوودیە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٥وە بۆ ئێستا لە دژی حوسییەکان پاڵپشتیی حکوومەتی یەمەن دەکات.
حوسییەکان، بە بەردەوامی لە رێگەی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ناوچەکانی باشووری سعوودیە دەکەنە ئامانج.