سياسەت, جيهان

رۆحانی: "لە ئێستادا تۆپ لە ساحەی ئەمریکا-دایە"

رۆحانی: "پێویستە ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی بگەڕێتەوە بۆ یاساکان و بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەگەر ئەوان بەشێوەیەکی راستگۆیانە پابەندبن بە یاساکانەوە ئەوا ئێمەش هەموو بەڵێنەکانمان بەجێدەهێنین".

Muhammet Kurşun  | 20.01.2021 - نوێکردنەوە : 21.01.2021
رۆحانی: "لە ئێستادا تۆپ لە ساحەی ئەمریکا-دایە"

Tehran

تاران - AA

سەرکۆماری ئێران، حەسەن رۆحانی لە تاران-ی پایتەخت دوابەدوای بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لەبارەی کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ و دەستپێکی قۆناغی جۆ بایدن دوا.

رۆحانی، هیوای خواست کە حکوومەتی نوێی واشنتۆن پابەندبێت بە یاسا و بەڵێنەکانەوە و رایگەیاند: "چاوەڕێی ئەوە لە دەسەڵاتی نوێی کۆشکی سپی دەکەین، پابەندبێت بە یاسا و بەڵێنەکانەوە و ئەگەر توانی ئەو لەکانە بسڕێتەوە کە لە چوار ساڵی رابردوودا دروست بوون. چونکە هەندێک لەکە ناسڕدرێنەوە. لەمڕۆدا تۆپ لە ساحەی واشنتۆن-ە. ئەگەر ئەوان پابەندبن بە بەڵێنەکانیانەوە ئێمەش پابەند دەبین. ترەمپ مرد بەڵام رێککەوتننامەی ئەتۆمی هێشتا دەژی".

سەرکۆماری ئێران، جەختی لەوەش کردەوە کە سیاسەتی تاکڕەوی ئەمریکا میراتی ترەمپ-ە و گوتی: "پێویستە ئەوانەی تازە دێنە کۆشکی سپی لە رووداوەکانی رابردوو پەند وەرگرن. ئەو کەسەی ئەمڕۆ ماوەی دەسەڵاتی کۆتایی دێت، نەیدەزانی چۆن وڵات بەڕێوەبەرێت. کاری ئەوە بوو بینای هەوربڕ دروستبکات و لە بینای هەوربڕیشەوە دەیڕوانییە سیاسەت. ئەوانەی ئەمڕۆ دێنە سەر دەسەڵات سیاسەت دەزانن. ئەگەر پابەندبن بە بڕیایر ٢٢٣١ کە خۆیان واژۆیان کردوە، کاردانەوەکەی دەبینن، ئەگەر بڕیارنامەکان بڵاوبکەنەوە ئەوکات ئێران-یش بڕیاری نوێ دەردەکات. ئەوان بەشێوەیەکی کاریگەر بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن، دەبینن ئێمەش بەڵێنەکانمان جێبەجێ دەکەین".

رۆحانی، باسی لەوەش کرد کە ئەگەر ئیدارەی بایدن هەنگاوی ئەرێنی بگرێتەبەر ئەوا ئێران ئامادەیە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکات و گوتی: "دەتواندرێت کێشەکان بەخێرایی چارەسەر بکرێن. لەڕووی یاساییەوە هیچ ئاڵۆزییەک نییە. با ئەوان بڵێن "هەموو بەڵێنەکان جێبەجێ دەکەین" ئێمەش لە ماوەی کاتژمێرێکدا هەموو بەڵینەکانمان جێبەجێدەکەین".

سەرکۆماری ئێران، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمڕۆ دەفتەرە رەشەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەتاهەتایە دادەخرێت و رایگەیاند: "لە کاتێکدا سەرۆکێکی نوێ لە ئەمریکا دەسەڵات دەگرێتەدەست کە واشنتۆن بووەتە سەربازگە. ئەم هەموو هێزە سەربازییە هەوڵی پاراستنی ئاسایشی شارەکە دەدەن. ئەو جەمسەرگیرییەی لە کۆمەڵگای ئەمریکیدا هاتووەتەئارا ئەنجامی سیاسەتی بێئەزموون و پڕفشاری ترەمپ-ە. پێویستە ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی بگەڕێتەوە بۆ یاساکان و بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەگەر ئەوان بەشێوەیەکی راستگۆیانە پابەندبن بە یاساکانەوە ئەوا ئێمەش هەموو بەڵێنەکانمان بەجێدەهێنین".




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın