Abdullah Shukur
10 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی بەرێوەبەری دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا FBI، جەیمس کۆمی کە دوێنێ لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە، گوتی: "کارەکانی خۆی بە باشی رای نەدەکرد، ئەمە ئەوەندە سادەیە".
ترەمپ، لە کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی لەبارەی لەکارلابردنی بەڕێوەبەری FBI، جەیمس کۆمی دایەوە.
ترەمپ لەبارەی پرسیاری رۆژنامەنووسێک بەوەی کە ئایا بۆچی کۆمی لەکارەکەی دوورخراوەتەوە، گوتی: "کارەکانی خۆی بە باشی رای نەدەکرد. شتەکە ئەوەندە سادەیە". ھاوکات لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەمڕۆ بەیانی کۆبوونەوەکەی خۆی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ کاریگەری لەسەر ئەم بڕیارە ھەبووە یان نا، ترەمپ گوتی: "نەخێر ھیچ کاریگەرییەکی نەبووە".
لەلایەکی دیکەش، ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەبارەی دوورخستنەوەی کۆمی لەکارەکەی، گوتی: "کۆمی ئەگەر کۆماریخواز بێ یان دیموکرات، ئەوا متمانەی ھەموو کەسێکی لە واشنتۆن لەدەستداوە. کاتێک کارەکان دەگەڕێنەوە باری ئاسایی ئەوا ھەموو کەسێک بەھۆی ئەم بڕیارەوە سوپاسم دەکات".
-پشتیوانی بەھێزی پێنس بۆ ترەمپ
ھاوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکا مایک پێنس لە کۆنگرێسی ئەمریکا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و بەرگری لە بڕیارەکەی ترەمپ لەبارەی کۆمێی کرد. لەمبارەیەوە گوتیشی: "سەرۆک ترەمپ لە کاتی گونجاو کاری باشی کردووە و سەرکردایەتییەکی بەھێزی نیشانداوە. کۆتاییھێنان بە ئەرکی کۆمی پەیوەندی بە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە رووسیاوە نییە".
پێنس ئاماژەی بەوەش دا کە دڵنیایە لەوەی کەسێکی گونجاو لە جێگای کۆمی دادەنرێت. گوتیشی: "بە پێچەوانەی دەنگۆییەکانی راگەیاندنەکان، ئەو بڕیارەی کە دراوە ھیچ پەیوەندییەکی بە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە رووسیاوە نییە".
دوێنێ بە پێی ئەو راگەیاندراوەی کە لە کۆشکی سپی بڵاوکرایەوە، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کۆتای بە ئەرکی بەڕێوەبەری نووسینگەی فیدراڵی بۆ لێکۆڵینەوەکان FBI، جەیمس کۆمی ھێنابوو. راشگەیەنرا کە پێشنیاری دوورخستنەوەی کۆمی لەلایەن وەزیری دادی ئەمریکا، جێف سێشن و جێگری وەزیری داد، رۆد رۆسێنستین ھاتووە و ترمپیش پێشنیارەکەی وەرگرتووە و پەسندی کردووە.
لە دوای ئەمەش بەپێی نامەیەک کە لە کۆشکی سپی بڵاوکرایەوە، ترەمپ تێدا رایگەیاندووە کە "زیان بە متمانەی FBI لە نێو کۆمەڵگە دراوە و پێویستە دووبارە ئەم متمانەیە بنیات بنرێتەوە، بۆ ئەمەش ئەم گۆڕانکارییە پێویست بووە".
FBI لێکۆڵینەوەی لەبارەی دەنگۆییەکانی دەستێوەردانی رووسیا لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستپێکردبوو، بەم پێیەش ھەفتەی رابردوو کۆمی وەڵامی پرسیاری سیناتۆرەکانی لەبارەی لێکۆڵینەوەکە دایەوە. جەیمس کۆمی تەمەن ٥٦ ساڵ، لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٣ لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما ئەم پۆستەی پێدرابوو.