Ali Cura
29 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2020
مۆسكۆ - AA
له رووسیا كۆی گشتیی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به په‌تای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، گەیشتە یەک ملیۆن و ١٦٧ هەزار و ٨٠٥ حاڵه‌ت.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوێکی ناوه‌ندی كۆنترۆڵكردن و بەره‌نگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە رووسیا له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، هەشت هه‌زار و ٢٣٢ كه‌سی دیكه تووشی په‌تاكه بوون و به‌وه‌یش كۆی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون گه‌یشتووه‌ته، یەک ملیۆن و ۱٦٧ هەزار و ٨٠٥ حاڵه‌ت.
هه‌روه‌ها ١٦٠ كه‌سی دیكه به‌و په‌تایه گیانیان له‌ده‌ستداوه و كۆی ئه‌و تووشبووانه‌ی به په‌تاكه گیانیان له‌ده‌ستداوه گه‌یشتووه‌ته، ٢٠ هه‌زار و ٥٤٥ كه‌س، شەش هه‌زار و ٤٧٩ تووشبووی دیكه په‌تاكه‌یان تێپه‌ڕاندووه و چاكبوونه‌ته‌وه، به‌وه‌یش تا ئێستا ۹٥٢ هه‌زار و ٣٩٩ تووشبووی كۆرۆنا له رووسیا چاكبوونه‌ته‌وه.
له سه‌رانسه‌ری رووسیادا، هه‌ڵكشانی رۆژانه‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون لە رێژەی ٠،٧ ماوەتەوە و له‌سه‌دا ۲٧،٦ی تووشبووان هیچ نیشانه‌یه‌كی نه‌خۆشییه‌كه‌یان لێ ده‌رنه‌كه‌وتووه.
له مۆسكۆی پایته‌ختی رووسیا له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، دوو هەزار و ٣٠٠ كه‌س تووشی په‌تاكه بوون و ٢٣ تووشبوو گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌وه‌یش كۆی گشتیی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌و په‌تایه له‌و شاره گه‌یشتووه‌ته، ٢٩٠ هه‌زار و ٢٩٣ كه‌س و حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدانیش به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ پێنج هه‌زار و ٢٠٣ كه‌س.
بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکەوە سەرۆک شارەوانی مۆسکۆ، سێرگی سۆبیانین ئەوەی ئاشکرا کرد دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن کە بڕیاربوو لە پێنجی تشرینی یەکەمدا دەستپێبکاتەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە دواخراوە.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه له راگه‌یه‌نراوێكدا كه له‌لایه‌ن ناوه‌ندی خزمه‌تگوزاریی پاراستنی ته‌ندروستیی گشتیی و مافه‌كانی به‌كاربه‌ر بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه کە تێكڕای ژماره‌ی ئه‌و پشكنینانه‌ی له ته‌واوی رووسیا تا ئێستا ئه‌نجامدراون ٤٥ ملیۆن و ٦٠٠ هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه.
یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە رووسیا لە ٣١ی کانوونی دووەمی رابردوودا تۆماركرا، هەروەها یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان به‌و په‌تایه لە ١٩ی ئاداری رابردوودا، تۆمار کرا. له كۆتایی مانگی ئاداریشه‌وه ده‌ست به گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كان له‌و وڵاته كرا.
له‌و ناوچانه‌ی كه ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون تیایاندا كه‌مه ئه‌و رێوشوێنانه شلكرانه‌وه كه دژبه په‌تاكه گیرابوونه‌به‌ر، هاوكات بەکارهێنانی ده‌مامك و ده‌ستكێش له‌و شوێنانه كرایه زۆرەملێ كه داخراو و قه‌ره‌باڵغن.