Dmitri Chirciu
22 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2022
مۆسکۆ – AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ رایگەیاند کە لە ناوچەی خێرسۆن باشووری ئۆکراینا، هەشت مووشەکی جۆری HIMARSیان لە ئاسماندا تێکشکاندووە.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ زانیاری لەسەر چالاکییە سەربازییەکانی سوپای رووسیا لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا بڵاوکردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە لە ناوچەی زاپۆریژییا نزیکەی ٣٠ سەربازی ئۆکراینا کوژراون و ١٤ ئۆتۆمبێلی سەربازیی تێکشکێندراون و لە ناوچەی مایکۆڵایڤ لە ئاکامی هێرشێکدا بۆسەر پێگەکانی لیوای ٢٨ی سوپای ئۆکراینا زیاتر لە ٥٠ سەرباز کوژراون و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازییش تێکشکێندراون.
کۆناشینکۆڤ بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە ناوچەی دۆنێتسک نزیکەی ١٠٠ سەربازی ئۆکراینی، دوو تانک و ١٥ ئۆتۆمبێلی سەربازیی پێکراون و لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەشت بارەگای سەرەکی، شەش کۆگای چەک و تەقەمەنی لەناوبراون.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئەوەشی خستەڕوو کە پێنج فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆکراینایان تێکشکاندووە و رایگەیاند ''لە نزیک یەکەی نیشتەجێبوونی کاهۆڤکا لە ناوچەی خێرسۆن، ١٣ مووشەکی راجیمەمان لە ئاسماندا تێکشکاندووە کە هەشتیان مووشەکی جۆری HIMARS بوون''.
راشیگەیاند ''تا ئەمڕۆ ٢٦٧ فڕۆکە، ١٤٨ هێلیکۆپتەر، هەزار و ٧٩٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ٣٦٨ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی، چوار ھەزار و ٣٧٢ تانک و زریپۆش، ٨١٤ مووشەکهاوێژ، سێ هەزار و ٣٢٩ تۆپهاوێژ و هاوەن، پێنج هەزار و ١٦ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سوپای ئۆکراینا تێکشکێندراون".