Emre Gürkan Abay
20 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2021
مۆسکۆ - AA
کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی رووسیا رایگەیاند کە یەکێک لە خوێندکارەکانی زانکۆی پێرم، بە چەک هێرشی کردووەتە سەر زانکۆکەی و بەپێی ئامارە بەراییەکان لانیکەم، هەشت کەس کوژراون.
زانکۆی پێرم لە بارەی رووداوەکەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە کەسێک لەناو بینای زانکۆکەدا، دەستڕێژی گوللەی کردووە.
راگەیاندنەکانی رووسیاش ژمارەیەک گرتەیان بڵاوکردووەتەوە کە تیایاندا ئەوە دەردەکەوێت پەلاماردەرەکە لە پەنجەرەیەکەوە خۆی هەڵدەداتە دەرەوە و هەوڵی هەڵاتن دەدات. لە گرتەکاندا، هەروەها ئەوەش دەردەکەوێت کە بەشێک لە قوتابیی و کارمەندانی ناو زانکۆکە بۆ خۆپارێزیی کورسییان خستووەتە بەر دەرگاکان و لەناو هۆڵەکاندا خۆیان حەشارداوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش دەربارەی هێرشەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە ماوەیەکی کەم دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان پەلاماردەرەکەیان لە چالاکی خستووە.
هەروەها کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی رووسیا دەربارەی قوربانییانی پەلامارەکە زانیاری ئەوەی بڵاوکردەوە کە لانیکەم هەشت کەس کوژراون و ژمارەیەکیش برینداربوون، باس لەوەش کراوە کە پەلاماردەرەکە خوێندکاری هەمان زانکۆ بووە.