Mohamad Misto
28 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2020
حەسەکە/ئەنقەرە - AA
رووسیا بەردەوامە لە بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە پارێزگای حەسەکە و ناوچەکانی دەورووبەری کە لەژێر کۆنترۆڵى چەکدارانی یەپەگەدایە و ژمارەی سەربازانی گەیاندە هەزار سەرباز.
بەپێی ئەو زانیارییەی کە لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، رووسیا لە ماوەی مانگی رابردوودا لە پارێزگای حەسەکە خۆرهەڵاتی رووباری فورات تاوی داوە بە دروستکردنی بنکە و خاڵی سەربازیی دیکە.
سوپای رووسیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا لە بنکەی ئاسمانیی حمێمیمەوە سنووری کارگێڕی پارێزگای لازقییە رۆژئاوای سووریا لە رێگای فڕۆکەی بارهەڵگر سەدان زرێپۆش و بارهەڵگری لۆجستیی رەوانەی شارۆچکەی قامیشلۆ کردووە.
دوایین جاریش لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، دوو فڕۆکەی جەنگیی، شەش هێلیکۆپتەر و ژمارەیەکی زۆر سەربازیی رووسی لە پارێزگای لازقییەوە گەیشتنە شارۆچکەی قامیشلۆ.
ئەو سەربازانەش لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەسەددایە لەگەڵ بنکەی رووسیا لە نزیک فڕۆکەخانەکە جێگیرکران.
دوای گواستنەوەکە ژمارەی سەربازانی رووسیا لە فڕۆکەخانە و دەورووبەری دوو هێندە زیادیکرد و گەیشتە هەزار سەرباز.
- سوپای رووسیا مەشق بە هێزەکانی رژێم دەکات
رووسیا هەزار و ٢٠٠ کەسی لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ کۆکردووەتەوە کە لە ناوچە جیاوازەکانی سووریادا لە ریزی رژێمن و بەتایبەتی لەو گرووپانە هەڵیبژاردوون کە پشتیوانیان دەکات.
فەرماندەکانی رووسیا، ئەو سەربازانەی رژێمیان دابەشکردوون بەسەر گرووپی ٣٠٠ کەسییدا و لە بوارەکانی وەک چەکی قورس و نیشانشکێنی مەشقیان پێدەکەن.
مەشقەکان کاتەکانی بەیانی لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ دەستپێدەکەن و هەر گرووپێکیش لەلایەن سێ سەربازی رووسیاوە بەڕێوەدەبرێت.