Muhammet Ali Kemal
20 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2017
گوتەبێژی کرملین، دیمیتری پێسکۆڤ ئاشکرایکرد هەموو رۆژێک رووسیا بەرەوڕووی ژمارەیەکی زۆر لە هێرشی سایبەر دەبێتەوە کە لەهەریەک لە وڵاتانی بریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرن.
دیمیتری پێسکۆڤ لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی بریتانی، ئاماژەی بەوەکرد هەموو رۆژێک بەرەوڕووی سەدان و بگرە هەزاران هێرشی سایبەری دەبنەوە.
پێسکۆڤ باسی لەوەکرد ئەوان پێیان وانییە ئەو هێرشانەی لەهەریەک لە بریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرن، ''پەیوەندییان بە حکوومەتی ئەو وڵاتانەوە هەبێت'' بەڵام بەڵگەیان لەبەردەستدایە کە ''دەزگای هەواڵگریی نهێنیی تایبەتی بیانیی'' لەپشت هێرشە گەورەکانەوەیە.
گوتەبێژی کرملین جەختی لەوەکردەوە هێرشە سایبەرییەکان بەزۆری بۆ سەر بانکەکان و ماڵپەرە فەرمییەکانە و هەموو ئەو بانگەشانەی رەتکردەوە کە باس لەئەنجامدانی هێرشی سایبەر بۆ سەر وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن و دڵنیایی نیشاندا لەوەی کە حکوومەتی وڵاتەکەی، کرملین، سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین و دەزگای هەواڵگریی سەربازیی لەپشت ئەو هێرشانەوە نیین کە بانگەشە دەکرێت، ئەگەر بەراستی هێرشی لەوجۆرە روویدابێت.
دوێنێ سکرتێری گشتیی پەیمانی ناتۆ یانس ستۆڵتەنبەرگ لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، رێژەی هێرشەکان بۆ سەر تۆڕی زانیارییەکانی ناتۆ لەساڵی ٢٠١٥دا بەراورد بەساڵی پێشووتر لەسەدا ٦٠ زیادیان کردووە و لەساڵی ٢٠١٦دا رۆژانە بە تێکڕا ٥٠٠ هێرش کراوەتە سەر تۆڕەکە.