Dmitri Chirciu
23 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2021
مۆسکۆ - AA
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، کاردانەوەی نیشاندا لەهەمبەر بڕیاری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کە بەهۆی زیندانیکردنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن، ئەلێکسێی ناڤالنی-ەوە سزایان بەسەر رووسیادا سەپاندووە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە ئەو بڕیارەی کە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بە پاساوی ''دروستکراو'' دەرکراوە، بێ ئومێدی دروستکردووە و یەکێتیی ئەورووپا لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ رووسیا لەبری دووبارە بیرکردنەوە لەبارەی گوشار و سزاکان، سەرلەنوێ رووی کردووەتە کارپێکردنی سزاکان.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە کە ئەو بڕیارە هەنگاوی هەڵەی دووبارەبووەوەیە و ئەو بانگەوازانەشی داوای ئازادکردنی ئەلێکسێی ناڤالنی دەکەن '' نایاسایی و بێ مانایە'' و هاتووە ''ئەو هاووڵاتییە رووسییە بەهۆی تاوانە ئابوورییەکانەوە لەلایەن دادگاوە لە وڵاتەکەماندا تاوانبار کراوە''.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە یەکێتیی ئەورووپا ناخوازێت پابەندی ئەخلاقی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان بێت و هاتووە ''مایەی نیگەرانییە ئامرازە ناشەرعییەکانی وەک گوشار و سزا لە سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپادا رەگیداکوتاوە. یەکێتیی ئەورووپا هەوڵ دەدات خاوەندارێتیی دەوری جەمسەر ببینێت کە لە کایەی جیهاندا بە تەنها کار دەکات، بەڵام بیریچووە کە ئەوە بە رێزگرتنی هاوبەشەکانی، پرەنسیپی دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە و لە چوارچێوەی پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەبێت''.
- بڕیارەکانی سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ لە دوای کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا رەوشی خۆسەپاندنی گرتووەتەبەر و لە یەکێتیی ئەورووپا دوورکەوتووەتەوە.
راشیگەیاندبوو "پەیوەست بە دۆخی ئەلێکسێی ناڤاڵنی، بڕیارێکی سیاسیمان لە بابەتی جێبەجێکردنی رێکاری سنوورداركردن لەهەمبەر رووسیا و ئهو کەسانه دهركردووه کە بەرپرسن لە دەستگیرکردن و سزادانی ناوبراودا".
جۆزێپ بۆرێڵ باسی لەوە کرد کە یەکێتیی ئەورووپا بۆ کارکرکردن بە رێوشوێنەکانی سنووردارکردن، بۆ یەکەمجار سیستمی جیھانیی سزادانی مافەکانی مرۆڤی خستەکار کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا دهستیپێكردووه. ئەوەشی خستەڕوو کە قۆناغی ئامادەکردنی سزاکان دەستیپێکردووە، پێشنیازی کرداریی پێشكهشكراون و چاوەڕوانن له ماوهی یەک ههفتهدا رێوشوێنەکان ئامادەبکرێن.