ئەنقەرە
سه‌رۆكی ده‌زگای كاروباری ئاینی توركیا محه‌مه‌د گۆرمه‌ز له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێ: "ماوەیەکی زۆرە قەیرانی نەتەوەیی، سیاسی و سەربازیی بۆتە ھۆی سەرھەڵدانی شەڕی مەزھەبی له وڵاتانی ئیسلامی و جیھانی ئیسلامی توشی مەترسیەکی گەورە بۆتەوە کە ھەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە. دوواجار رووداوەکانی موسڵ و عێراق بە گشتی و سوریا، کاریگەرییان خستۆتە سەر رێژەی بەرزبوونەوەی توندوتیژییەکان. جیھان بە نیگەرانییەوە سەیری ئه‌م رووداوانه دەکا."
ئەو به‌یاننامه‌ی محه‌مه‌د گۆرمه‌ز بە زمانەکانی تورکی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، فەرانسی، ئەڵمانی، روسی و ھەر دوو زارەوەی سۆرانی و کورمانجی زمانی کوردی بڵاو کراوەتەوە و گۆرمه‌ز بە خۆی ناوەڕۆکە عەرەبییەکەی پێشکەش کرد.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: "لەم کاتە ھەستیارەدا بانگەوازی بەردەوامی لایەنەکان بۆ توندوتیژیی، بانگەوازی جیھاد، ھەڕەشەكردن له شوێنە ئاینییەکان، رفاندنی مرۆڤ و کوشتن، بۆتە ھۆی سەرھەڵدانی کێشە بەکۆمەڵەکان. رووداوەکان گه‌یشتونه‌ته ئاستێك كه ئه‌سته‌مه پێشی لێ بگیرێ، جیھانی ئیسلامی لە بارەی کۆمەڵایەتی، مەزھەبی و ئاینی توشی پارچەبوون دەبێتەوە."
بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە له به‌یاننامه‌كه‌ی گۆرمهزدا چه‌ند خاڵێك ده‌ستنیشانكراوه لەوانە:
- ناسنامەی موسڵمانێتی لە سەروو ھەموو مەزھەب و بیروڕایه‌كی سیاسییە. ھیچ پێکھاتەیەکی ئاینی نابێ برایەتی و تەبایی ئیسلام تێکبدا و ئەوانەی لەم جۆرە ھەوڵانەدان، پێویستە رێگرییان لێبكرێ. قورئان و سوننەت فەرمانی پێمانداوە کە ده‌ستكاریی لەش، خوێن، ماڵ وموڵک و حەیامان نەکرێ. ھەروەھا رژاندنی خوێنی مروڤێک بە ناحەق بە گوێرەی ئاین بە گەورەترین تاوان داده‌نرێ.
- ١٤٠٠ ساڵە ئاینەکە تا ئه‌مرۆ هاتووه، چینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌یی خۆیان وه‌پێش ئاین ناخه‌ن و نابێ هیچ كه‌سێك یان گروپێك له‌سه‌ر ئه‌و بیروباوه‌ڕانه شه‌ڕ له‌گه‌ڵ یه‌كتری بكه‌ن. پێویسته ھەموو کەسێک لەسه‌ر ئه‌و خاكه به سهربەستی بژین و هه‌ر كه‌سێك دژی ئه‌مه بێ، ئه‌وا به كه‌سی دروستكه‌ری دووبه‌ره‌كێ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن.
- کاتی خۆی ھەندێ لایەن جیاوازییەکانی نێوان ئەھلی بەیت و ئەھلی سوننەتیان قۆستەوە بۆ بەرژەوەندی سیاسی رۆژانە و پێشخستنی ستراتیژیی خۆیان بەکاریان ھێنا، ئەمە دووبهرهكێیهكی گه‌وره‌یه. ئەھلی بەیت و ئەھلی سوننەت ھی پێغەمبەرە. شه‌ڕ كردنی ئه‌م دوولایه‌نه له‌گه‌ڵ یه‌كتری و ئه‌وانه‌ی ئه‌م شه‌ڕه به په‌سه‌ند ده‌زانن، بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێن.
- ھەر كه‌س و گروپ و جه‌ماعه‌تێك كه باوه‌ڕی ئاینی پێچەوانەی باوەڕی خۆی دابنێ و ته‌نیا بە کافریش ناوبنرێ، نابێ بكوژرێ، ئەمە بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێ. ئەمه لە لایەن ئاینی ئیسلامه‌وه پەسەند ناکرێ.
- ئەو کەسانەی دەڵێن ئێمه موسڵمانین و لە ناو بازنەی ئیسلامداین. ھیچ کەسێک مافی ئه‌وه‌ی نییه ئه‌وانه له‌ناو ئیسلامه‌تی ده‌ربكا.
- بەرژەوەندییە ته‌سكه‌كانی گروپ و لایه‌نه‌كان کە دەبێتە ھۆی گیان لەدەستدانی منداڵان و ئافرەتان و ناچاربوونی کۆچکردنی خەڵک بۆ ناوچەیەکی دیکە، ئەم پێکھاتانە هیچ پهیوهندیییهكیان به ئاینی ئیسلامه‌وه نییه. موسڵمانە خاوەن ویژدانەکان بە ھیچ شێوەیەک رێگا به‌و جۆره كارانه ناده‌ن.
- به هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵناكرێ لایەنێک لە نەجەف و کەربەلا روونكردنه‌وه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه گەورەکانی ئەھلی بەیت وەکو حەزرەتی عەلی، حەزرەتی حوسێن و ئەبو فەزڵ عەباس بدا. باسكردنی ئه‌و كه‌سایه‌تییه گه‌ورانه ئه‌وه نیشان دەدا کە موسڵمانان چەند لە عەقل و حیکمەت دوورکەوتونەتەوە. ھەروەھا شوێنە تایبەتمەندەکان وەکو نەجەف و کەربەلا کە مەزاری حەزرەتی عەلی، حەزرەتی حوسێن و حەزرەتی عەباسی لێیە، تەنیا ھی شیعەکان یاخود سوننەکان نییە، بەڵکو ئەمانە به‌های ھاوبەشی ئۆممەتی ئیسلامن.
- بانگەوازی جیھادكردنی لایەنێک بەرامبەر بە لایەنێکی دیكه، بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێ. قورئان و سوننەت رشتنی خوێنی موسڵمانێك به ده‌ستی موسڵمانێکی دیکە بە جیھاد ناونەناوە و حه‌ڵاڵ نییه. ئەمرۆ گەورەترین جیھاد بۆ موسڵمانەکان رووبەرووبونەوە بەرامبەر بە نەزانی، توندوتیژیی، دووبەرەکی و تەفرەقەیە.
-گوتاری زانا و دامەزراوە ئاینییەکان بەرامبەر بەم رووداوانە ئێمه‌ی نیگه‌رانكردووه. پێویستە لە سەر زاناکان لە جێی ئەوەی گوتاری ئەوە بدەن کە موسڵمانان لەیەک بترازێن، دەبێ ھەوڵی ئەوە بدەین کە جیھانی ئیسلامی بە جیاوازی ئاین، زمان، مهزھەب و بیروڕاكانه‌وه بەیەکەوە لە چوارچێوەی ماف و رەوشت كۆبكه‌نه‌وه. ئەمرۆ ئاگری دووبەرەکی لە رێگای گوتارەکانەوە ھیچ نرخێکی نابێ، تەنیا دەبێتە ھۆی خوێنڕشتن. بە پێچەوانەوە ھەموو جیھانی ئیسلامی دەبێتە شوێنی تاوان و ھەموو زانا ئیسلامییەکانیش بەشدار دەبن لەم تاوانە. پێویستە پێش گەیشتنی ئاگری دووبەرەکی بۆ ناو جوگرافیای ئیسلام، ھەوڵ بدرێ ئاگره‌كه خامۆش بکرێ."
- لەو شوێنانەی کە توندوتیژیی لە ئارادایە، پێویستە بەرپرسانی دامەزراوە ئاینییەکان لە عێراق و سوریا بە یەکەوە کار بۆ سازکردنی چارەسەری ئاینی و رەوشت بەرزیی بکه‌ن. پێویستە شاندێکی كه‌سایه‌تییه گەورەکان کار بۆ نەھێشتنی شەڕی مەزھەبی بکەن. ھەروەھا دەزگا و دامەزراوەکانی ئیسلامی، کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ئەرکی پێ بسپێردرێ. پێویسته سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی زاناکانی شیعە و سوننە هه‌موو جیهان بگه‌یه‌نێته یه‌كتری."