نیویۆرک
پۆلیسی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی FBI ئاشکرایکرد: رۆژی چواری ئەم مانگە لە هەر سێ ویلایەتی ئۆهایۆ و ئیندیانا و ئیلیۆنیس، چوونەتە سەر ئەو قوتابخانانەی سەر بە جەماعەتی فەتحوڵا گولەنن و دەستیان بەسەر چەند بەڵگەیەکدا گیراون کە بە دوایدا گەڕاون.
هەڵمەتەکانی FBI لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆزی (تاوانی ئێخە سپی) دا ئەنجامدراون و ١٩ قوتابخانەی سەر بە جەماعەتی گولەن بەر هەڵمەتەکە کەوتوون.
یەکێک لە ئەندامانی تیمی لێکۆڵینەوە لە دۆزی تاوانی ئێخە سپی روونیکردۆتەوە، سەرباری بەردەوامی هەڵمەتەکان، بەڵام هێشتا کەس دەستگیر نەکراوە و FBI و کۆمسیۆنی فیدراڵی گەیاندن و وەزارەتی پەروەردە، تەماشای ئەو بەڵگانەیان کردووە کە دەستیان بەسەدرا گیراوە.
مستەفا گەنج بەرپرسیاری کاروباری یاسایی کۆمپانیای سکۆوڵ کە سەرپەرشتی بەشێک لە قوتابخانەکانی سەر بە جەماعەتی گولەن دەکا گوتی: "ئەو لێکۆڵینەوەیە کە دەستیپێکراوە و بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی گرتۆتەوە، تەنیا لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر چۆنێتی خەرجکردنی ئەو پارانەی لە لایەن حکومەتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستی قوتابخانەکاندابین دەکرێ. لەو لێکۆڵینەوانەدا FBI دەستی بەسەر چەندین بەڵگەدا گرتووە و ئێستا لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن."
گونج گوتیشی: "لەو هەڵمەتەدا کەسمان لێ دەستگیر نەکراوە. ناشزانین ئێمە لە بەرامبەر ئەو ھەڵمەتانەی FBI سکاڵا تۆمار دەکەین یا نا."
کۆمپانیای کۆنسێپت سکۆوڵ سەر بە جەماعەتی فەتحوڵا گولەنە و ناوەندەکەی لە شیکاگۆیە، لە ٢٦ ویلایەتی ئەمریکا ١٤٠ قوتابخانە بەڕێوە دەبا.